تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە دیالە کارەساتی لێکەوتەوە؛ 3 منداڵ گیانیان لەدەست دا

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

لە سنووری پارێزگای دیالە، بەهۆی راوەدوونان و تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە داواکراوێک، 8 منداڵ بوونە قوربانی و لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەفسەرێک و ژمارەیەک کارمەندی ئەمنیی دەستبەسەر کرد.


بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی، ئێوارەی دوێنێ لە خاڵی پشکنینی سنووری ناحیەی داروسەلامی سەر بە پارێزگای دیالە، داواکراوێک لە بازگەی پۆلیسی ناحیەکە نەوەستاوە و بە خێراییەکی زۆر بازگەکەی تێپەڕاندووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هێزە ئەمنییەکان بەدوای داواکراوەکەدا کەوتوون و لە کاتی بەدواداچووندا تەقەیان لێکردووە، بەڵام گوللەکان بەر کۆمەڵێک منداڵ کەوتوون و لە ئەنجامدا 3 منداڵ گیانیان لەدەست داوە و 5 منداڵی دیکەش بریندار بوون، کە لەنێو قوربانییەکاندا 2 منداڵی کوڕ و کچێک هەن.

دوای رووداوەکە، وەزیری ناوخۆی عێراق لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی ئەمنیی پێکهێناوە و لە ئێستاشدا ئەفسەرێک و 10 کارمەندی ئەمنی بە تۆمەتی تێوەگلان لە رووداوەکە دەستبەسەر کراون.


AM:09:43:19/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت