شەڕ لە جورف سەخەر ڕوودەدات یان هێزەکانی دەگۆڕدرێن؟

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

48 کاتژمێر ماوە بۆ تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دەرچوونی کەتائیبی حزبوڵا لە ناوچەی جورف سەخەر دیاری کردووە؛ لە کاتێکدا لێدوانەکان توندن، شیکەرەوەیەکی سیاسی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز پێشنیازە شاراوەکەی پشت پەردەی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گۆڕینی هێزەکانی ناوچەکە بە حەشدی عەتەبات ئاشکرا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە گرژییەکان لە چوارچێوەی میدیاییدا دەمێننەوە.

مۆڵەتەکەی هەینی و ململانێی دوو ملیار دۆلار

ناحیەی جورف سەخەر لە باکووری پارێزگای بابل 60 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغدا، ئەم هەفتەیە بووەتە تاقیکردنەوەیەکی قورس بۆ دەسەڵاتی حکومەتەکەی عەلی زەیدی و ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی. قەیرانەکە دوای ئەوە تەقییەوە کە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی نهێنیی 19 لاپەڕەیی بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکانی 2021 تا 2026 دزەی کرد و باسی لە کونکردنی بۆرییەکی نەوتی 26 ئینجی کرد کە ڕۆژانە لانی کەم 200 هەزار بەرمیل نەوت دەگوازێتەوە، لەگەڵ بەقاچاخبردنی نەوت بە بەهای مەزەندەکراوی نزیکەی 2 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا؛ بەو هۆیەشەوە ڕۆژی شەممە 9 بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوتی لە بابل دوورخرانەوە.

حکومەتی عێراق مۆڵەتی تا کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ڕۆژی هەینی دیاری کردووە بۆ کشانەوەی چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵا، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتیش جەختی کردووەتەوە لەوەی کامێراکانی وەزارەتی ناوخۆ زانیارییەکانی دزینی نەوتیان پشتڕاست کردووەتەوە و پلانی پاککردنەوەی ناوچەکە لە ئارادایە. بەڵام لە بەرامبەردا سەرکردەکانی کەتائیبی حزبوڵا تۆمەتەکان بە سیاسی و ساختە دەزانن و لە ناو جورف سەخەرەوە ڕایانگەیاندووە کە هەرگیز ناکشێنەوە.

پێشنیازی پشت پەردە: حەشدی عەتەبات و ڕۆڵی عەممار حەکیم

سەرەڕای ئەم زمانی هەڕەشەیە لە میدیاکاندا، ئاماژە سیاسییەکانی 24 کاتژمێری ڕابردوو بەرەو دۆزینەوەی دەرچەیەکی بێخوێن دەڕۆن؛ شەوی ڕابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ دووپات کردەوە، هاوکات میدیاکان باس لە ناوەندگیریی ناوخۆیی و سەردانی بەپەلەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا دەکەن.

لەمبارەیەوە، ڕەحیم عەبودی، شیکەرەوەی سیاسی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ محەمەد فاتح ڕۆژنامەنووس لە وێستگەنیوز رایگەیاند، نەخشەی پشت پەردەی کۆبوونەوەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەتی عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، توانای کۆنترۆڵکردنی قەیران و ناکۆکییە سیاسییەکانیان هەیە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژەوە. عەبودی جەختی کردەوە ئەو گرژییەی ئێستا هەیە هەر لە چوارچێوەی میدیاییدا دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە گفتوگۆ بەڕێوەدەچن بۆ گەیشتن بە بڕیاری نوێ لە نێوان هەردوولادا.

سەبارەت بە هەستیاری لایەنی ئەمنی و چارەنوسی هێزەکانی ئەو ناوچەیە، ڕەحیم عەبودی ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی ئەمنی تەنیا لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دەمێنێتەوە و دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە جووڵەپێکردن و گواستنەوەی یەکە سەربازییەکان بەپێی تێڕوانینی ستراتیژیی خۆی؛ بەڵام وتیشی، کەتائیبی حزبوڵا و ئەو یەکانەی کۆنترۆڵی زەوییەکەیان بەدەستەوەیە، هەستیان بە سووکایەتی و ئیبتیزاز کردووە بەرامبەر بە دۆخ و چارەنووسیان لە سایەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا.

لە گرنگترین بەشی قسەکانیشیدا بۆ وێستگەنیوز، عەبودی پێشنیازێکی ئاشکرا کرد کە لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خراوەتە ڕوو، ئەویش گۆڕینی ئەو هێزانەی کۆنترۆڵی زەوییەکەیان لە ناوچەی جەرف ئەلنەسر بەدەستەوەیە بە هێزەکانی حەشدی عەتەبات، ڕوونیشی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە پێویستی بە ماوەیەکی زەمەنی هەیە.

شەڕی گێڕانەوەکان لەسەر دزینی نەوت

یەکێک لە خاڵە هەرە جێناکۆکەکانی ئەم قەیرانە، ڕاستی ئەو شتەیە کە لەناو زەوییەکانی جورف سەخەردا هەیە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە حکومی و هەواڵگرییەکان باس لە تۆڕێکی فراوانی بەقاچابردنی نەوتی خاو دەکەن، کەتائیبی حزبوڵا ڕۆژی سێشەممە ژمارەیەک میدیاکاری بردە ناوچەکە.

لەبارەی ئەنجامی ئەو گەشتەوە، ڕەحیم عەبودی بۆ وێستگەنیوز باسی لەوە کرد کە بینراوەکانی سەر ناوچەکە لە سەردانە مەیدانییەکەی میدیاکاران، ڕۆژنامەنووسان، شیکەرەوانی سیاسی و شارەزایاندا بۆ جورف سەخەر، ئەوەیان پووچەڵ کردەوە کە لە ڕاپۆرتی لیژنەی تایبەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتدا هاتبوو.

عەبودی ڕوونیکردەوە گەشتە مەیدانییەکە فرەیی هێزەکانی لە ناوچەکە و خاڵەکانی پشکنیندا دەرخستووە، بە جۆرێک بوونی ئەمنی لەوێ تەنیا لە گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلە ئەمنییەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

هەروەها جەختی کردەوە، لە گەشتەکەدا هیچ ئاسەوارێکی پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی خاو تۆمار نەکراوە، بەڵکو ئەوەی دۆزراوەتەوە تەنیا کارگەیەکی دڵۆپاندنی نەوتی ڕەشە کە ماددەکانی گاز و نەفتالینی لێ دەردەهێنرێت بە بڕێکی سنووردار و ناگاتە ئەو ئاستەی وەک پرۆسەی بەقاچاخبردن وەسف بکرێت.

سێ پرسیارە گەورەکەی دوای هەینی: ئاوارەکان، چەک و هەرێمی کوردستان

ئێستا کە بژمێری مۆڵەتەکەی ڕۆژی هەینی دەستی پێ کردووە، شیکارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەنگژەی جورف سەخەر تەنیا پەیوەست نییە بە چەند تانکەرێکی نەوتەوە، بەڵکو سێ هاوکێشەی قووڵتری بەدواوەیە:

تاقیکردنەوەی چەکدانان و فشاری دەرەکی: ئەم گرژییە لەژێر سایەی هەوڵەکانی حکومەتدا دێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە 2014ـەوە بە تەواوی لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندا بوون، لە چوارچێوەی دۆسیەی چەکداماڵین و کەمکردنەوەی هەژموونی گرووپەکاندا.

چارەنووسی 200 هەزار ئاوارە: لە ساڵی 2014ـەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە، نزیکەی 200 هەزار دانیشتووی ڕەسەنی جورف سەخەر ڕێگەی گەڕانەوەیان پێ نەدراوە؛ پرسیاری سەرەکیی شەقامی عێراقی ئەوەیە ئایا ئەگەر حەشدی عەتەباتیش جێگەی کەتائیبی حزبوڵا بگرێتەوە، دەرگای ناوچەکە بە ڕووی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا دەکرێتەوە یان نا؟

هاوسەنگیی سیاسی لەگەڵ هەرێمی کوردستان: هاوکات لەگەڵ هێرشە میدیاییەکە بۆ سەر جورف سەخەر، وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لە هەماھەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی قاچاخچێتیی نەوت لە زاخۆوە تا بەسرە کردووە؛ هەنگاوێک کە بە بڕوای چاودێران تێکەڵەیەکە لە فشاری دارایی و هەوڵی بەغدا بۆ نیشاندانی ئەوەی کە هەڵمەتەکەی تەنیا لایەنێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج.

دەرئەنجام

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە تا ڕۆژی هەینی 20ـی مانگ شەڕێکی ڕاستەوخۆی چەکداری بە دوور دەزانرێت؛ بەڵام مانەوەی کەتائیبی حزبوڵا بەبێ گۆڕانکاری لەسەر زەوی دۆخی سیاسیی سەرۆک وەزیران لاواز دەکات، بۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە لە ڕێگەی نەخشەڕێگەی بەخشینی ماوەی زەمەنی و گۆڕینی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکان بەرەو حەشدی عەتەبات و هێزە فیدراڵییەکان، دەرچەیەکی ناوەند بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە.


AM:10:02:18/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت