هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کەرکووک-جەیهانەوە دەستیپێکردەوە

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە ڕێگەی بۆریی کۆنی نێوان عێراق و تورکیاوە ڕاگەیاند، کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بە بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەبەستێتەوە، لە قۆناغی سەرەتادا ڕۆژانە 120هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی ئەم بۆرییەوە ڕەوانە دەکرێت.

وەزارەتى نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: پڕۆسەی ڕەوانەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆریی کۆنی نێوان عێراق و تورکیاوە دەستی پێکردووەتەوە، ئەمەش دوابەدوای ئەوە دێت کە سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوە، چاکسازی، ئامادەکردن و تاقیکردنەوە تەکنیکییەکانی بۆرییەکە بە سەرکەوتوویی کۆتاییان هاتووە و بە تەواوی خراوەتەوە کار.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە قۆناغی سەرەتادا ڕۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی ئەم بۆرییەوە ڕەوانە دەکرێت، بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوودا بە شێوەیەکی قۆناغ بەندی، توانای هەناردەکردنەکە بەرز بکرێتەوە تا ئەو کاتەی دەگاتە ئاستی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

​وەزارەتەکە کاراکردنەوە و گەڕانەوەی ئەم بۆرییەی بۆ نێو پرۆسەی هەناردەکردن بە "هەنگاوێکی ستراتیژی” وەسفکرد و ڕایگەیاند، ئەم کارە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە بواری هەناردەکردنی نەوتدا، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکە.

جەختی لەوەش کراوەتەوە، چالاککردنەوەی ئەم دەروازەیە، سەرچاوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی داهاتی دارایی زیاتر و پاڵپشتیکردنی ئابووریی عێراق.

بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان کە درێژییەکەی نزیکەی 970 کیلۆمەترە، لە ساڵی 1977 لە نێوان عێراق و تورکیا دامەزراوە بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکووک و باکووری عێراق بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست.

ئەم هێڵە لە 25ـی ئاداری 2023 بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی پاریس و لەسەر سکاڵای بەغدا دژی ئەنقەرە (سەبارەت بە هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندیی عێراق) بە تەواوی وەستێنرا، دواجار و دوای زیاتر لە دوو ساڵ دانوستاندن، لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولی 2025 عێراق و تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

بەڵام ئەم دەستپێکردنە بۆ ماوەی ساڵێک بوو و وادەی ڕێککەوتنەکە بە کۆتا هات، دواجار لە 1ـی ئابی 2026، لە ئەنقەرە لایەنی عێراقی و تورکی ڕێککەوتنێکی دیکەیان بۆ هەناردەی نەوت بۆ ماوەی ساڵێک ئەنجامدا.


PM:02:23:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت