حکومەتی عێراق: کەتیبەکانی حزبوڵڵا بە قاچاخچێتیی نەوت لە جورف سەخر تێوەگلاون
وێستگەنیوز- بابان عومەر
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، گرووپی چەکداری "کەتیبەکانی حزبوڵڵا" لە پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل تێوەگلاون، جەختیش دەکاتەوە کە گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان نزیک بووەتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومی دەرەنجامەکانی خۆی لەگەڵ راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان بەراورد کردووە و هاوتابوونی زانیارییەکانی نێوانیان پشتڕاست کراوەتەوە.
عەبوودی روونی کردەوە: "لیژنە حکومییەکە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە راپۆرتە هەواڵگرییەکەدا هاتوون، چوونەتە ناو 6 پێگە لە جورف سەخر و دەستکاریکردن و نیشانەکانی بەقاچاخبردنیان تۆمار کردووە، پێش ئەوەی دەرەنجامەکان بۆ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرز بکەنەوە".
بە وتەی ناوبراو، لە کاتی گەڕان و پشکنیندا لیژنەکە رووبەڕووی ئیستفزازکردن بووەتەوە، ئەوەش وایکردووە سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلە ئەنجام بدات و تێیدا بڕیار بدات بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی لە پارێزگای بابل، هەروەها بەرپرسیارێتیی تەواویان بخاتە ئەستۆ و دۆسیەی بەقاچاخبردنەکەش رەوانەی دادگا بکات.
سەبارەت بە لایەنی بەرپرسیار، وتەبێژی حکومەتی عێراق راشکاوانە وتی: "ئەو لایەنەی لە بەقاچاخبردنەکەوە تێوەگلاوە هەمان ئەو هێزەیە کە زەوییەکەی بەدەستەوەیە، ئەویش کەتیبەکانی حزبوڵڵایە".
ئەوەشی خستە روو، ئەو ناوچەیەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپەدایە، سێ لقی بۆریی ستراتیژیی گواستنەوەی نەوتی (بەسرە - حەدیسە)ی پێدا تێدەپەڕێت، کە دوو لقیان دەگەنە (بەغدا - دۆرە) و لقەکەی دیکەشیان دەگاتە قەزای موسەییەب.
عەبوودی دووپاتی کردەوە، حکومەت توانای تەواوکردنی ئەم دۆسیەیەی هەیە و گەڕاندنەوەی جورف سەخر بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان دوور نییە، ئاماژەی بەوەش دا کە حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی تایبەت بە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەردەوامە، کە بە یەکێک لە دیارترین دۆسیە کەڵەکەبووەکانی حکومەتەکانی پێشووی ناو برد.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە رۆژی شەممە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان سەبارەت بە بوونی پاڵاوگەی نەوتی نایاسایی و حاڵەتەکانی دەستکاریکردن لە جورف سەخر، فەرمانی دا بە ناردنی تۆمەتباران بۆ دادگا و لەسەرکارلادانی 9 بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی لە پۆستەکانیان.
لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی پێشووتری ئەو دۆسیەیەشدا، کەناڵی "الحدث"ی سعودی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردبووەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق وادەیەکی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دیاری کردووە تاوەکو گرووپە چەکدارەکان رازی بکات ناوچەی جورف سەخر چۆڵ بکەن.
هاوکات فەرمانی بە فەرماندە ئەمنییەکان کردبوو گەمارۆدانی ناوچەکە لە باکووری پارێزگای بابل تەواو بکەن و خاڵە پشکنینەکانی دەوروبەری توندوتۆڵ بکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەرچوونی فەرمانی چوونە ژوورەوە و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لە ئەگەری چۆڵنەکردنیدا، لە کاتێکدا پێشتریش زەیدی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان جەختی کردبووەوە کە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق پشتگیری لە رێکارەکانی حکومەت دەکات و رێگە بە بەردەوامبوونی دزی و قاچاخچێتی لە وڵاتدا نادەن.
AM:09:21:16/11/2026
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت