زەیدی لە كۆبونەوەی لەگەڵ عامری و فەیاز و ئەبو فەدەك جەخت لە چەسپاندنی سەروەری دەوڵەت و یاسا دەکاتەوە

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی 


عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە و جەختی لە بەردەوامیی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی بۆ چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت و یاسا کردەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە، بە ئامادەبوونی عەبدولعەزیز محەمەداوی، سەرۆکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا ژمارەیەک دۆسیە و پرسی پەیوەست بە دۆخی ئەمنی و سیاسی و دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆ و ناوچەکە تاوتوێ کران، تێیدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرجەم دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان لەژێر رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا کرایەوە، بە جۆرێک ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بەرنامە حکومییەکەی لە بوارە جیاوازەکاندا، بە مەبەستی سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت و یاسا و پشتیوانیکردن لە پرۆسەی گەشەپێدانی گشتگیر، هاوکات ئامادەبووان جەختیان لە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و پتەوکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییان.


PM:07:56:12/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت