لە نێوان 30ـی حوزەیرانی داهاتوو و مەترسیی سزاکانی واشنتندا؛ زەیدی دەتوانێت چەک لە دەستی گرووپەکان دەربێنێت؟

‌

 

وێستگەنیوز- ئارام عەلی 


پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان و خستنە ژێر دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت، گەیشتووەتە هەستیارترین قۆناغی مێژوویی خۆی؛ قۆناغێک کە تێیدا کابینەی عەلی زەیدی لە نێوان هۆشدارییە توندەکانی واشنتن و رەتکردنەوەی بەشێک لە گرووپە نادیار و ئایدۆلۆژییەکاندا هەوڵی مانەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگیی ئەمنی دەدات.


حکومەتی عێراق 30ـی حوزەیرانی 2027ـی وەک مۆڵەتی کۆتایی دیاری کردووە بۆ تێکەڵکردن و رادەستکردنی تەواوی چەکەکانی دەرەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان، لە کاتێکدا رێککەوتنی بەغدا لەگەڵ پێنج گرووپی چەکدار ڕاگەیەندراوە، بەڵام جیاوازییەکانی بەشێک لە گرووپە ڕادیکاڵەکان و هۆشداریی فەرمیی ئەمریکا بەرامبەر سەپاندنی سزای ئابووری، پرۆسەکەی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئاڵۆزدا هێشتووەتەوە.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە، پرۆسەی کۆکردنەوەی تەواوی چەک و کەرەستە سەربازییەکان تا 30ـی حوزەیرانی 2027دەبێت تەواو بکرێت، بەپێی پلانی حکومەت، سەرەتا پێویستە هێرشەکانی ئەو گرووپانە کۆتایی پێبهێنرێت، دواتر و لە کاتێکی دیاریکراودا پەک بخرێن یان تێکەڵی هێزە فەرمییەکان ببن، لای خۆیەوە، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد، گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ پێنج گرووپی چەکدار تەواو بووە و دانیشتن لەگەڵ دوو گرووپی دیکەشدا بەردەوامە، هەرچەندە وردەکاریی رادەستکردنی چەکەکانیان بە نادیاری هێڵدراوەتەوە.

لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتدا، هەڵوێستی گرووپەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە:

·گرووپەکانی وەک )کەتیبەکانی حیزبوڵڵا) و (بزوتنەوەی نوجەبا) بە راشکاوی پابەندبوونی خۆیان بە وادەکانی حکومەت رەتکردووەتەوە.

·(کەتیبەکانتی سەیدولشوهەدا) ئاماژەی بەوە کردووە، رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەت تەنها لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراقە، لە کاتێکدا لایەنەکانی دیکە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکایان بە مەرجی یەکەم داناوە.

بۆ رێگریکردنیش لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی باڵای سیاسی بە ئەندامێتی (نوری مالیکی، محەممەد شیاع سودانی، و هادی عامری) پێکهێناوە تا لە رێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ پرۆسەکە بەبێ خوێنڕشتن بدۆزنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، فشارە نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر پرۆسەکە لە زیادبووندان، ستیڤن فاگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە روونی هۆشداری داوەتە بەرپرسانی عێراق کە لە ئەگەری جێبەجێپنەکردنی بڕیارەکەدا، عێراق رووبەڕووی سزای دارایی توند و مەترسیی خستنە لیستی وڵاتانی پشتگیریکاری تیرۆر دەبێتەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا هۆشداریی توندی داوە، ئەگەر ئەو گرووپانە هاوشانی ئێران بەشداریی هەر شەڕێک بکەن، راستەوخۆ دەکرێنە ئامانج.

وەک ئاماژەیەکیش بۆ جدییەتی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە، حکومەتی عێراق لە چەند رۆژی پێشوودا سێ گرێبەستی بازرگانیی پەیوەندیدار بە کۆمپانیاکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی لە فڕۆکەخانەی مووسڵ هەڵوەشاندەوە، تا کۆنتڕۆڵی دارایی و ئیداریی دەوڵەت بچەسپێنێت.

بە گشتی، چاودێران پێیانوایە، کە تا گەیشتن بە 30ـی حوزەیرانی 2027، بەغدا لەبەردەم رێڕەوێکی بەرتەسکدا رێ دەکات، کە تێیدا سەرکەوتنی گفتوگۆکان دەبێتە هۆی پاراستنی سەروەری و شکست هێنانیشی لە پڕۆسەکەدا ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی نوێی ئەمنی و ئابووری پەلکێش دەکات.


PM:09:00:10/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت