دەستەی راگەیاندن و گەیاندن داوایەکی یاسایی لە دژی کۆڕەک تیلیکۆم بردەوە

‌

وێستگەنیوز-


دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا بڕیاری پێشووی دادگای هەڵوەشاندووەتەوە و لە بەرژەوەندیی دەستەکە بڕیاریداوە،بەپێی بڕیارە نوێیەکەش، کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم ناچار دەکرێت تەواوی ئەو قەرزە داراییانەی کەوتووەتە ئەستۆی، بەپێی یاسا بیگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە دەرچووە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندن ئاشکرای کرد، تانەدانەکەیان لە دادگای تێهەڵچوونەوە سەرکەوتووبووە، پێشتر دادگای بەرایی بڕیاری دابوو، دەستەکە پابەند بێت بە رێککەوتنامەی ئاسانکاری و لێخۆشبوون (عقد التسوية) لەگەڵ کۆڕەک تێلیکۆم، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە ئەو بڕیارەی بەتاڵ کردەوە.

فەرمانگەی یاسایی دەستەکە روونی کردووەتەوە، بە بەتاڵبوونەوەی ئەو بڕیارە، کۆڕەک تێلیکۆم چیتر ناتوانێت پشت بە رێککەوتنی پێشوو ببەستێت بۆ دواخستنی قەرزەکانی، بەڵکو دەبێت بەپێی رێکارە فەرمییەکان، تەواوی شایستە داراییەکانی دەوڵەت بداتەوە.

دەستەی راگەیاندن و گەیاندن جەختیشی کردەوە، لەسەر بەردەوامبوونی رێکارە یاساییەکان تا کۆتا دیناری مافی دەوڵەت وەردەگرنەوە و رێگری لە هەر پێشێلکارییەک لە کەرتی گەیاندندا دەکەن.


PM:07:56:10/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت