فوئاد حوسێن: واشنتن بە فەرمی داوای لێکردووین تەنها دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران بهێڵینەوە

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی 


وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریی توندی دا لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا، ئاشکراشی کرد، وڵاتەکەی بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە گەروی هورمزەوە زیانی 60 ملیار دۆلاری پێگەیشتووە، لە کاتێکدا دانوستانەکان بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و رێککەوتن لەگەڵ بەشێک لە لایەنەکان دەستی پێکردووە.

فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، دۆخی ئێستای ناوچەکە ئاماژەی مەترسیدار بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دەردەخات، بەڵام دوای لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن و تاران، هەناردەی نەوتی عێراق لە گەروی هورمزەوە دەستپێکردووەتەوە، ئاشکراشی کرد، واشنتن بە فەرمی داوای کردووە تەواوی دەروازە سنورییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران دابخرێن تەنها دوو دەروازە نەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە، بەغدا دەستوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی رەتدەکاتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا وتی، سەرۆک وەزیران لەگەڵ چوار گرووپ گەیشتووەتە رێککەوتن، کە تێیدا عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا قایل بوون، لە کاتێکدا دانوستان لەگەڵ بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی حزبوڵڵاش بەردەوامە، دووپاتیشی کردەوە، کۆکردنەوەی چەک تەنها لە رێگەی دیالۆگەوە دەبێت نەک پێكدادانی سەربازی.

داواکارییەکەی واشنتن بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکان لە کاتێکدایە کە پێشتر داخستنی دەروازەی شیب لە پارێزگای میسان کاردانەوەی توند و هەڕەشەی یاخیبوونی مەدەنی لێكەوتەوە، لە لایەکی تریشەوە، سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش لە سنوری سووریا، فوئاد حوسێن پێکهێنانی لیژنەیەکی چوارقۆڵیی لە نێوان عێراق، سووریا، ئوردن و تورکیا راگەیاند، هاوکات دڵنیاییدایە سعودیە کە خاکی عێراق دژی ئەو وڵاتە بەکارناهێنرێت.


PM:08:05:07/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت