وەزیری ناوخۆی عێراق: 94 کەس بەتۆمەتی بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکراون

‌

وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، مانگی رابردوو 94 کەسمان بە تۆمەتی قاچاخچێتی کردن بە بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکردووە و دەستبەسەر 89 تانکەر و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆریشدا گیراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمـی 2026، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە و هێزەکانی سەر بە وەزارەت لە ماوەی نێوان (1ـی تشرینی یەکەم تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم)، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جێبەجێکردووە و 94 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.

هاوکات ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرجەم پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر 89 تانکەر و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆردا گیراوە کە بۆ کاری قاچاخچێتی ئامادەکرابوون.

دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر هەشت وێستگەی تایبەت بە قاچاخچییەکان لە پارێزگاکانی کەربەلا، سەلاحەددین و زیقار و لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەست بەسەر دوو ملیۆن و 226 هەزار و 750 لیتر بەرهەمی نەوتیدا گیراوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵمەتە لە پێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی، ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و پاراستنی ئاسایشی ئابووریی وڵات بەردەوام دەبێت.

 


 


PM:05:20:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت