دەستەی راگەیاندن کوژاندنەوەی ناوەندەکانی پەیوەندیی کۆڕەک تێلیکۆمی لە 14 پارێزگا دەستپێکرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی ڕاگەیاندن و
پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) بە هاوکاریی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی،
بە فەرمی دەستپێکردنی رێکارەکانی کوژاندنەوەی ناوەندە
سەرەکیەکانی پەیوەندیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم و راگرتنی هێڵەکەی لە 14 پارێزگای عێراق راگەیاند، ئەمەش
دوای کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراو بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپانیاکە.
لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی راگەیاندن
ئاشکرای کرد، تیمە تایبەتمەندەکانیان راستەوخۆ چوار ناوەندی سەرەکیی پەیوەندیی کۆڕکیان داخستووە (ناوەندێکی
پەیوەندیی لە بابل، ناوەندێکی
پەیوەندیی لە بەسرە و دوو ناوەندی
پەیوەندیی لە بەغدا)، سەرباری داخستنی بارەگای
سەرەکیی کۆمپانیاکە لە پارێزگای کەرکووک.
ئاماژەی بەوەش دا، بەم رێکارانە هێڵی
کۆڕەک لە 14 پارێزگا بە تەواوەتی پچڕاوە
(جگە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی کوردستان)، و هەماهەنگیش بەردەوامە بۆ کوژاندنەوەی
تۆڕەکە لە پارێزگای نەینەوا.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی راگەیاندن روونی
کردەوە، ئەم هەنگاوە دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە زیادەیەی دێت کە لە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026 لەسەر داوای لیژنەی گواستنەوە و
پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی عێراق تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم درێژکرابووەوە، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی بەکارهێنەران
بۆ رێکخستنی ئەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی
ڕاگەیاندن جەختی کردەوە، کوژاندنەوەی ناوەندەکانی پەیوەندیی بە مانای تێکدانی سیمکارتەکان یان
دەستبەرداربوون لە ژمارەکان نایەت لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەڵکو دەستەکەیان بەردەوام
دەبێت لە پاراستنی مافی بەکارهێنەران، هاوتا لەگەڵ جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان
و پاراستنی مافەکانی دەوڵەت.
PM:10:01:01/11/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت