لیژنەی دارایی عێراق: پشتگیری لە دامەزراندنی 120 هەزار کەس دەکەین لە بودجەی 2027

‌

وێستگەنیوز-

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پشتگیریی خۆی بۆ بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان دووپات کردەوە و هەوڵ دەدات لە چوارچێوەی بودجەی 2027ـدا ڕێژەی دامەزراندن زیاد بکات.

غوفران شەمەری، ئەندامی لیژنەی دارایی، رایگەیاند: ئەو ڕێکارەی حکومەت پەیڕەوی کردووە بۆ بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان، وردەکارییەکەی تا ئێستا نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق.

وتیشی: سەرەتادا باس لە 100 هەزار کەس کرابوو، لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە 120 هەزار داوە، بەڵام هێشتا وردەکاریی تەرخانکراوە داراییەکان نەگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: لیژنەی دارایی ناتوانێت ژمارەی ڕاستەقینە یان مەزەندەکراو ڕابگەیەنێت تا ئەو کاتەی وردەکارییەکانی بودجە دەگەن.

دەشڵێت: لیژنەکە جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی دەرچووانی کۆن، خاوەن بڕوانامە بەرزەکان و پسپۆڕییە پێویستەکان دەکاتەوە و هەوڵ دەدات ئەگەر تەرخانکراوە داراییەکان ڕێگە بدەن، ژمارەی دامەزراندنەکان زیاد بکات.


PM:01:41:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت