حەیدەر عەبودی: دەنگۆی قەرزکردنی 16 تریلیۆن دینار ناڕاستە

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026، حکومەتی عێراق سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە نیازی وڵاتەکە دەکەن بۆ قەرزکردنی 16 تریلیۆن دینار لە چەند دەوڵەتێکی بیانی بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی.


حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باس لە هەوڵی عێراق دەکەن بۆ قەرزکردنی 16 تریلیۆن دینار لە وڵاتانی سعودیە، کوێت، چین، ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دوورن لە راستییەوە، بەهۆی بەرزیی ئاستی هەناردەکردنی نەوتەوە لە ئێستادا هیچ پێویستییەک بە قەرزێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە".

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، بەغدا سیاسەتێکی ئابووریی وەهای پەیڕەو کردووە کە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ورد و وەبەرهێنانی داهاتە بەردەستەکانی عێراق دامەزراوە، بە جۆرێک بتوانرێت پاڵپشتی لە خەرجییە گشتییەکان بکرێت و تەواوی پێداویستییە داراییەکانی دەوڵەت دابین بکرێن.

حەیدەر عەبودی روونیشیکردەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوت رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە زیادکردنی داهاتە گشتییەکاندا، جەختیشی کردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی دارایی و دابینکردنی خەرجییەکان بەبێ پەنابردن بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرەکی.


PM:09:56:30/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت