عەلی زەیدی فەرمانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان دەردەکات

‌

وێستگەنیوز-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو هەڕەشەی راگەیاندنی بایکۆتی مەدەنی و دابڕانی پارێزگاکەی لە دەسەڵاتی فیدراڵی کردبوو.


ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی فەرمانی کردووە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا دەعیر عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان، لەسەر بنەمای ئەو لێدوانانەی بڵاویکردبوونەوە و هەڕەشەی راگەیاندنی بایکۆتی کردبوو لە ئەگەری وەڵامنەدانەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی شەيب، جگە لە بەکارهێنانی وشەی نەگونجاو.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم بڕیارە وەک جەختکردنەوەیەکە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە یاسا و پەیڕەوکردنی رێکارە دەستووری و کارگێڕییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی خزمەتگوزاری و کارگێڕیدا، هاوکات هەڵسەنگاندنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەرئەنجامی ئەو لێدوانانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجێهێڵدراوە.

ئەم بڕیارەی سەرۆک وەزیران دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا دەعیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نزیک دەروازەی سنووریی شەيب، وادەی 3 رۆژی دیاریکرد بۆ کردنەوەی دەروازەکە و هۆشداریدابوو ئەگەر داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت، مۆڵەتەکە تا پێنجشەممە درێژ دەکەنەوە. جەختیشی کردبووەوە کە ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە، بایکۆتی مەدەنی رادەگەیەنن، سەرجەم رێگاکان دادەخەن و هەنگاوی جددی بۆ دابڕانی پارێزگاکە لە دەسەڵاتی بەغدا دەگرنەبەر.

دەروازەی سنووریی شەيب لە نێوان عێراق و ئێران، رۆژی سێشەممەی رابردوو 20ی تشرینی یەکەم، بە بڕیاری حکومەتی عێراق تا کاتێکی نادیار داخرا. لە بەرامبەر ئەو بڕیارەشدا وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاندبوو کە تاران هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی لە بەغداوە سەبارەت بە داخستنی دەروازەکە پێ نەگەیشتووە.


AM:09:15:26/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو