وەزیری نەوت: هەناردەی نەوتی عێراق گەڕاوەتەوە ئاستی پێش قەیرانی گەرووی هورمز

‌

وێستگەنیوز-


وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی وڵات لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا گەڕاوەتەوە ئاستی پێش قەیرانی گەرووی هورمز، هاوکات داوای کرد بۆ کۆمپانیاکان بۆ زیادکردنی یەدەگی ستراتیژی و خێراکردنی کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر تاوەکو رووبەڕووی هەر بارودۆخێکی نەخوازراو ببەنەوە.

باسم محەمەد خضیر، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بە کێشە داراییەکانی وڵات کرد، کە بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمزەوە دروست بوون،ئاشکراشی کرد، وەزارەتەکەی لە دوو مانگی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە راگرتنی هاوسەنگیی هەناردەکردن و گەیاندنەوەی بە ئاستی پێش قەیرانەکە.

وەزیری نەوت جەختی لەسەر دوو ئامانجی سەرەکیی وەزارەت کردەوە، یەکەمیان بەردەوامیدان بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی خاو لە ڕێگەی چاککردنەوەی بیرەکان و پابەندکردنی کۆمپانیا بیانییەکان بە گرێبەستەکانیان، دووەمیشیان گەشەپێدانی کەرتی پاڵاوتن و ئەنجامدانی پشکنینی خولەیی بۆ دامەزراوەکانە تاوەکو پێداویستیی ناوخۆیی سووتەمەنی دابین بکرێت.

داواشی کرد، پرۆسەی کڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان خێرا بکرێت تاوەکو هەناردەی نەوت پەکینەکەوێت، هاوکات جەختی لە گرنگیی بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی غازی هاوەڵ، وە بەرزکردنەوەی توانای مەشق و راهێنانی کارمەندان و رێکخستنەوەی پەیکەری کۆمپانیاکان کردەوە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و پاڵپشتیکردنی دارایی دەوڵەت.


PM:09:46:24/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت