وتەبێژی حکومەتی عێراق: لەسەر ئاستی باڵا هەماهەنگیمان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ دەرکردنی پەکەکە لە عێراق
وێستگەنیوز –
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگییەکی ئاستبەرز لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی چەکدارانی پەکەکە و دەرکردنیان لە خاکی وڵات، هاوکات دەنگۆی بوونی بارەگای حووسییەکان لە ناوخۆی عێراق ڕەتدەکاتەوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی باڵا هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا بەردەوامە بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پەکەکە و دەرکردنی چەکدارەکانیان لەناو خاکی عێراق.
وتوشییەتی، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشەوە کار لەگەڵ تاران دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوخۆی عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.
جەختیشی کردەوە لەوەی بەپێی دەستوور، خاکی عێراق نابێتە مۆڵگەی هیچ گرووپێکی چەکدار یان سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی.
حەیدەر عەبودی هەروەها ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لە بوونی بارەگای چەکدارانی حووسی لە عێراق دەکەن و وتی: هیچ بارەگایەکی لەو جۆرە لە عێراقدا بوونی نییە، بابەتەکەش شایەنی هەڵوێست یان بڕیاری فەرمی نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بوونی نییە و تەنها قسەی سۆشیال میدیایە.
سەبارەت بە ڕاگرتنی جموجۆڵ لە دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران، عەبودی ڕوونی کردەوە کە هۆکارەکەی تەنها پەیوەستە بە کاروباری هونەری، گەشەپێدان و چاکسازی لە دەروازەکەدا، جەختیشی کردەوە کە دەروازە سنوورییەکانی دیکە لەگەڵ ئێران کراوەن و جووڵەی بازرگانی بە شێوازێکی ئاسایی بەردەوامە.
PM:02:08:22/10/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت