حکومەتی عێراق هۆکاری داخستنی دەروازەی سنووریی شیب و بوونی بارەگای حوسییەکان لە عێراق ئاشکرادەکات

‌

وێستگەنیوز-


حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرش کردن یان هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، هاوکات بە تەواوی بوونی هەر بارەگایەکی حووسییەکانی لە ناوخۆی وڵاتدا رەتکردەوە.

عەبوودی روونیشی کردەوە، ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بوونی بارەگای حووسییەکان لە عێراق بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و پشت بە شتێک دەبەستن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوترێتەوە، جەختیشی کردەوە، بوونی هەر گروپێکی چەکداری بیانی پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانە.

سەبارەت بە دۆسیەی سنوورەکان و ئاسایش، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوە دا، داخستنی دەروازەی سنووریی شیب بەهۆی ئامادەنەبوونی تەکنیکی و لۆجیستییەوە بووە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران لە دەروازەکانی ترەوە بەردەوامە.

ئاشکراشی کرد، هەماهەنگیی ئاست بەرز لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەرکردنیان، بە هەمان شێوە هەماهەنگی لەگەڵ ئێراندا هەیە لە رێگەی کۆمسیۆنێکی باڵاوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.


PM:05:53:21/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت