کۆمیسیۆن چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمان دەکات بۆ دیاریکردنی کارتێک کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پشتی پێ ببەسترێت

‌

وێستگەنیوز-


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی کاری لیژنە تەکنیکییە هاوبەشەکانی نێوان کۆمیسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ دەکات، تاوەکو دواتر پێشنیازەکان بەرز بکرێنەوە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی (کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو) یان (کارتی بایۆمەتری) لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.

عیماد جەمیل، بەرپرسی لیژنەی پشتیوانیی راگەیاندن لە کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا، پەرلەمان بڕیار دەدات ئایا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەموار بکاتەوە یان یاسایەکی نوێ دەربکات، هاوکات بنکەکانی کۆمیسیۆن بەردەوامن لە نوێکردنەوەی زانیاریی دەنگدەران، ئاماژەی بەوەش کرد کە چوار مانگ پێش وادەی هەڵبژاردن دەرگا بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدەکان دەکرێتەوە، تاوەکو ئێستاش هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە دەنگۆی تێکەڵکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەماندا.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن، کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆن ڕێنمایی دابوو کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پەسەند بکرێت بۆ ئاسانکاریی دەنگدان.


PM:07:31:20/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت