وەزارەتی بازرگانی: هەر بازرگانێک یاریی بە نرخەکان بکات دوو ساڵ زیندانی دەکرێت

‌

وێستگەنیوز-


 

محەمەد حەنوون، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، عێراق پێنج ملیۆن تۆن خۆراکی لە پاشەکەوتدا هەیە و ئەمەش دڵنیایی داوە بە ئاسایشی خۆراکی وڵات، لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە هەر بازرگانێک یاری بە نرخەکان بکات و قۆرخکاری بکات، سزای توندی یاسایی و زیندانیکردن تاوەکو دوو ساڵ دەبێتە چارەنووسی.

باسی لەوەش کرد، سەبەتەی خۆراکی ئێستا دەگاتە دەستی زیاتر لە 41 ملیۆن هاووڵاتی، لەوانەش خێزانە هەژارەکان کە لە چاودێریی کۆمەڵایەتیدا هەن، روونیشی کردەوە، تیمەکانی وەزارەت بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و دۆخەکە بەراورد بە رۆژانی پێشوو باشتر بووە.

رایشیگەیاند، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا بەهۆی بوونی ئەم پاشەکەوتە گەورەیەوە، توانیویانە دۆخی خۆراک بەباشی کۆنتڕۆڵ بکەن و تەنانەت لە کاتی قەیرانیشدا وەک کێشەکانی گەرووی هورمز، هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی خۆراکدا دروست نەبووە.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، لە کاتی سەلماندنی سەرپێچیی هەر بازرگانێکدا، جگە لە سزای دارایی، سزای زیندانیکردنیش بۆ ماوەی یەک تا دوو ساڵ بەپێی یاسا بەسەریاندا دەسەپێنرێت.


PM:06:59:14/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت