عەمیدێک و سەربازێک لە باشووری کەرکووک بۆمبیان پێدا تەقییەوە
وێنە: ئەرشیف
وێستگەنیوز-
بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردندا لە باشووری پارێزگای کەرکووک، ئەفسەرێکی سوپا بە پلەی عەمید لەگەڵ سەربازێک گیانیان لەدەستدا و 2 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆمبێکی چێنراو بە هێزێکی سەربازیدا لە کاتی پشکنین و کێوماڵکردنی ناوچەی "دۆڵی زغەیتوون" لە باشووری پارێزگای کەرکووک تەقیوەتەوە، کە بەهۆیەوە ئەفسەرێک بە پلەی عەمید و سەربازێک دەستبەجێ کوژراون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، تەقینەوەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 2 سەربازی دیکە بە برینی جیاواز، هاوکات هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و تەرمی قوربانییەکان لەگەڵ بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
جووڵەی ئەو هێزە سەربازییە بۆ پشکنینی پاشماوەی مۆڵگەکانی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە کاتێکدابوو، کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییە عێراقییەکانەوە بۆ سەر حەشارگەکانی داعش لە کەرکووک راگەیاندبوو، ئەم رووداوەش مەترسییە بەردەوامەکانی پاشماوەی چەکدارانی ئەو رێکخراوە و ئاستەنگەکانی بەردەم پاککردنەوەی سنوورەکە پێشان دەدات.
AM:10:17:14/10/2026
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت