نرخی کیسەیەک ئارد گەیشتە 40 هەزار دینار

‌

وێستگەنیوز-

بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، نرخی ئارد لە بازاڕەکانی عێراقدا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەوە و نرخی هەر کیسەیەک گەیشتە 40 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان 34 بۆ 36 هەزار دیناردا بوو.


ئەم بەرزبوونەوەیە قەیرانێکی گەورەی بۆ خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان دروستکردووە، بە جۆرێک بەشێکیان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر نرخەکان بەم شێوەیە بمێننەوە، ناچار دەبن کارەکانیان رابگرن و شوێنەکانیان دابخەن، هاوکات لەگەڵ ئارد، شەپۆلی گرانبوونی کاڵاکان تەواوی پێداویستییە خۆراکییەکانی دیکەشی گرتووەتەوە و تێچووی بژێویی هاووڵاتییانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە لە بەغدا و بەتایبەتی لە دیوی رەسافە بە روونی رەنگی داوەتەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا هەندێک لە سەمونخانەکان بۆ رێگریکردن لە زیانی زیاتر پەنایان بۆ بچووککردنەوەی قەبارەی سەمون بردووە، یان لەبری پێدانی 6 سەمون، تەنیا 5 سەمون بە 1000 دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشن.

عەلی موعاز، خاوەنی سەمونخانەیەک لەوبارەیەوە رایگەیاند: "لە رابردوودا ئاردمان بە 36 هەزار دینار دەکڕی، بەڵام نرخەکەی گەیشتووەتە 40 هەزار دینار، ئەگەر بە هەزار دینار 6 سەمون بفرۆشین بەهۆی تێچووی کرێی دوکان و مووچەی کرێکاران زیان دەکەین، تا ئێستا خۆڕاگرین، بەڵام ئەگەر نرخی ئارد لە مانگێکی دیکەدا بگاتە 44 یان 45 هەزار دینار، ناچار دەبین دوکانەکە دابخەین".

لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییانیش باس لە بارگرانیی گرانبوونی نرخی خۆراک دەکەن، حەمید عادل، هاووڵاتییەکی عێراقی لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پێداویستییانەی پێشتر بە 100 هەزار دینار دەیکڕین، لە ئێستادا بەشی ناکات و تێچووەکەیان گەیشتووەتە 120 هەزار دینار و زیاتریش.


AM:10:21:13/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو