دوای نزیکەی 5 ساڵ؛ ئەندازیارە ئوسترالییەکەی بانکی ناوەندی عێراقی بەجێهێشت

‌

وێستگەنیوز-

دوای نزیکەی 5 ساڵ لە دەستبەسەرکردن و سەپاندنی قەدەغەی گەشت بەسەریدا، رۆبەرت پیتەر ئەندازیاری ئوسترالی، دواجار خاکی عێراقی جێهێشت و بە مەبەستی شادبوونەوە بە خێزانەکەی، گەیشتە ئیرلەندا.


لەو بارەیەوە پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا پشتڕاستی کردەوە کە حکومەتی عێراق رێگەی بە ناوبراو داوە بگەڕێتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پیتەر لە حوزەیرانی 2025 لە زیندان ئازاد کرابوو، بەڵام بەهۆی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردن لەسەری، نەیدەتوانی لە وڵاتەکە بچێتە دەرەوە.

پشت پەردەی ئەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ نیسانی 2021، کاتێک ئەم ئەندازیارە لەگەڵ هاوپیشەیەکی میسرییدا دەستگیرکرا، بەهۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی دارایی و بازرگانی لەسەر پرۆژەی دروستکردنی بینا نوێیەکەی بانکی ناوەندیی عێراق. دواتریش لە ساڵی 2022دا نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆسیەکە دەربڕی و دەستگیرکردنی ناوبراوانی بە هەڕەمەکی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد.


AM:09:19:12/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو