وتەبێژی حکوومەتی عێراق: حكومەتی سودانی بەرپرسیارە لە لەدەستدانی 36 تریلیۆن دینار بەهۆی دابەزاندنی نرخی دۆلار

‌

وێستگەنیوز-


 

حکوومەتی عێراق دەڵێت، بڕیاری حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سودانی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار لە 147 هەزارەوە بۆ 132 هەزار دینار، بووەتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 36 تریلیۆن دینار لە گەنجینەی دەوڵەت، هاوکات ئاشکرای کرد، ئێرانی دراوسێ ئامادەنەبووە هاوکاریی عێراق بکات بۆ تێپەڕاندنی نەوتەکەی لەم دۆخە ئابوورییە سەختەدا.

حەیدەر عەبود، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دابەزاندنی نرخی فەرمیی دۆلار پەراوێزی قازانجی بۆ یاریپێکەرانی بازاڕ گەورە کردووە و رێگەی خۆش کردووە بۆ هاوردەکردنی کاڵای بیانی و زیادبوونی قاچاخچێتیی دراو، روونیشی کردەوە، بەرزبوونەوەی ئێستای نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ چاوچنۆکیی هەندێک لە بازرگانان.

وتیشی، بەمزووانە پاکێجێکی بڕیارەکانی حکومەت بۆ پشتیوانیکردنی کاڵاکان و بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری دەردەچێت، لەگەڵ رەتکردنەوەی بەکارهێنانی رێوشوێنی پۆلیسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ.

ئابووریی عێراق رووبەڕووی گوشار و گەمارۆ بووەتەوە و بەغدا داوای لە وڵاتانی پەیوەندیدار بە ململانێکان، لەوانەش ئێران کردووە پشتیوانی بکەن بۆ تێپەڕاندنی نەوتەکەی، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەدراوەتەوە و لە ئێستادا کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان نەوتی داشکێنراوی عێراق دەکڕن و دەیگەیەننە بازاڕە جیهانییەکان تاوەکو گەشەی ئابووری بەردەوام بێت.


PM:10:18:11/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو