دووشەممەی داهاتوو دەنگدان لەسەر تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی بەڕێوە دەچێت

‌

وێستگەنیوز-


بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 12ـی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێک بۆ دەنگدان لەسەر پڕکردنەوەی وەزارەتە بێ‌وەزیرەکانی کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام بدات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەمەنی کابینەکە خەریکە دەگاتە شەش مانگ.

دیلان غەفوور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەرنامەی کاری پەرلەمان دانەنراوە، بەڵام زانیارییان پێگەیشتووە کە رۆژی دووشەممە بۆ دەنگدان لەسەر بەربژێری وەزیرەکان دیاریکراوە.

وتیشی، بڕیاربوو دانیشتنەکە لە پێنجشەممەی رابردوودا بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ترسی دروستبوونی پشێوی بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینارەوە دواخر.

لە هەمان کاتدا، پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر کاندیدکردنی رێباز حەملان بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کە لە دەنگدانی 14ـی ئایاردا دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنابوو، هاوکات بەنگین رێکانیشی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کاندید کردووە.

لە کۆی کابینەکە، 14 وەزیر لە مانگی ئایاردا دەنگیان هێنا، بەڵام هێشتا نۆ وەزارەت بەبێ وەزیر ماونەتەوە کە بریتین لە (خوێندنی باڵا، بەرگری، ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەرزش و لاوان، پلاندانان، کۆچ و کۆچبەران، گەشتوگوزار و رۆشنبیری و گواستنەوە)، لەگەڵ باسکردنی دروستکردنی چەند وەزارەتێکی نوێ وەکو وەزارەتی ژیریی دەستکرد.


PM:08:30:10/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو