شارەزایەکی ئابووری: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار هێڵی هەژاری گەیاندووەتە زیاتر لە ملیۆنێک

‌

 وێستگەنیوز- محەمەد فاتیح


 شارەزایەکی ئابووریی عێراقی دەڵێت، بەهۆی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلارەوە، هێڵی هەژاری لە عێراقدا لە 750 هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک، جەختیشی کردەوە، حکوومەت دەیتوانی بژاردەی دیکەی ئابووری و چاکسازی بگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی لەبری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار.


دکتۆر عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، سەرۆکی بەشی ئابووریی دیجیتاڵی لە زانکۆی عێراقی و شارەزای ئابووری لە لێدوانێکدا بۆ وێستگەنیوز رایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار دەبوو دوا بژاردەی حکوومەت بێت، چونکە زیانی راستەوخۆی بە گوزەرانی هاووڵاتییان گەیاندووە، ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها داهاتی کەرتێکی وەک کارەبا لە عێراقدا دەگاتە 14 تریلیۆن دینار و دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت.

سەبارەت بە چارەسەرەکانی دیکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، جەختی کردەوە، حکوومەت دەیتوانی لەبری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، پشت بە گەڕاندنەوەی سەرمایە دزراوەکان و پارەی گەندەڵکاران ببەستێت، وەک نموونەش، دەستگیرکردنی 16 کەسی وەک عەدنان جومەیلی کە دەستیان بەسەر زیاتر لە تریلیۆنێک دیناردا گرتووە و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانیان بە بەهای 16 تریلیۆن دینار، کە ئەم بڕە بە تەواوی بەسە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت پشت بە راگرتنی ئەو هەدەردانە داراییە گەورەیە ببەسترێت کە لە گرێبەست و پڕۆژە جیاوازەکاندا کراوە و لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقەوە ئاشکرا کراوە، هەروەها جەختی لە گرنگیی کۆکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو پێشینە کەڵەکەبووانەی لای وەزارەتەکان کردەوە، کە بڕەکەی 200 تریلیۆن دینار تێپەڕ دەکات.


PM:04:19:09/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو