دەستبەسەر 48 ملیۆن دیناری ساختەدا گیرا و دوو تۆمەتبار دەستگیرکران
وێستگەنیوز-
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق دەستگیرکردنی گەشتیارێکی بیانی راگەیاند، کە هەوڵیدابوو بڕی 48 ملیۆن دیناری عێراقیی ساختە لە رێگەی کەلوپەلەکانییەوە بهێنێتە ناو خاکی وڵاتەوە، هاوکات تۆمەتبارێکی دیکەش لەو بارەیەوە دەستگیرکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کاتی پشکنینی ئاسایی جانتای گەشتیاران لە هۆڵی هاتنەژوورەوەی دەروازەی سنوریی شەیب لە پارێزگای میسان، کارمەندێکی دەستەی دەروازە سنورییەکان توانیویەتی ئەو بڕە پارە ساختەیە بدۆزێتەوە کە بە شێوازێکی تۆکمە لەناو یەکێک لە جانتاکاندا شاردراوەتەوە و دەستبەجێش رێکاری یاسایی بەرامبەر گەشتیارە بیانییەکە گیراوەتەبەر.
دەستەی دەروازە سنورییەکان باسی لەوەکردووە، پاش ئاشکراکردنی پارە ساختەکە، دادوەری لێکۆڵینەوە ئاگادارکرایەوە و بڕیاری یاسایی وەرگیرا، بەو هۆیەوە توانرا دەست بەسەر تۆمەتباری دووەمیشدا بگیرێت کە لەناوخۆی عێراقدا چاوەڕوانی وەرگرتنەوە و ساغکردنەوەی پارە ساختەکە بووە، دواتریش هەردوو تۆمەتبارەکە رەوانەی لایەنە دادوەرییەکان کران بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.
دەروازەی سنوریی شەیب یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە پارێزگای میسان، هێزە ئەمنییەکان و دەستەی دەروازە سنورییەکان لەم دواییانەدا رێوشوێنی توندی پشکنینی ئەلیکترۆنی و هەواڵگرییان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی دراوی ساختە، ماددەی هۆشبەر و کەلوپەلی قەدەغەکراو گرتووەتەبەر، ئەوەش لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی دارایی و ئابووریی عێراق.
PM:12:10:09/10/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت