بزووتنەوەی نوجەبا بۆ وێستگەنیوز: چەك ڕادەست ناكەین و حكومەتی عێراق بە مەرجەكانمان ڕازی بووە
وێستگهنیوز – محەمەد فاتیح
بزوتنەوەی نوجەبا، یەکێک لە گروپە دیارەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق كە ئەكرەم كەعبی سەركردایەتیان دەكات لە رێگەی وێستگەنیوزەوە ئاشكرای كردووە، چەك رادەست ناكەن و حكومەتی عێراقیش بە مەرجەكانیان رازی بووە.
حوسێن عەلی موسەوی، وتەبێژی بزوتنەوەی نوجەبا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز رایگەیاند: "ئێمە كە پێكهاتووین لە چوار گرووپی چەكداری بەناوی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق گەیشتینە رێکكەوتن لەگەڵ ئەو لیژنەیەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دایناوە سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو ئەو پرسانەی لە ئارادان لە سەرووی هەموویانەوە رێكخستنەوەی چەك".
وتیشی، "ئێمە 10 مەرجمان هەیە و حكومەتی عێراق لەسەریان رازی بووە كە گرووپە چەكدارەكانی موقاوەمە دایناوون و پرسی رادەستكردنی چەكەكانمان بە هەموو جۆرێك رەتكردووەتەوە".
وتەبێژی بزوتنەوەی نوجەبا دووپاتیكردەوە، "حكومەتی عێراق بە هەموو مەرجەكانمان رازی بووە وەك نەخشە رێگایەك بۆ قۆناغی داهاتوو مەرجەكانیشمان بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە لەگەڵ كشانەوەی هەموو هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان".
دڵنیاییشیدا، "كە بەهیچ جۆرێك ناچنە نێو پڕۆسەی سیاسی عێراقەوە چونكە كەوتووەتە ژێر كاریگەری بڕیاری ئەمریكاوە و حكومەتێكی پشكپشكێنەیە و هیچ حیسابێك بۆ عێراقێكی يەكگرتوو ناكات و عێراق بەش بەش كراوە لە هەموو روویەكەوە كە ئەمەش دەستی ئەمریكای لە پشتەوەیە و بەشدار نابین لە حكومەتێك كە ملكەچی ئەمریكا بێت".
باسی لەوەشكرد، "وەڵاممان لە ئەمریكا و عێراق بەدەستگەیشتووە كە هێزەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانیان بەجێهێشتووە و هێزەكانی توركیاش دەستیان كردووە بە كشانەوە و چاوەڕوان دەكەین ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش خاكی هەرێمی كوردستان بەجێبهێڵن".
AM:09:42:08/10/2026
ئهم بابهته 628
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت