چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکومەت و دانانی چوار جێگر بۆ زەیدی رێککەوتوون

‌

وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح


شرۆڤەکارێکی سیاسیی نزیک لە ماڵی شیعی ئاشکرای کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر دیاریکردنی سەرجەم کاندیدەکانی وەزارەتە بەتاڵەکان و چوار جێگرەکەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران رێککەوتوون و ناوەکانیان رەوانەی پەرلەمان کردووە، بەڵام ئاڵۆزییەکانی تایبەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەنگدانی سەر کابینەکەی پەکخستووە.

رەحیم عەبودی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەرکردەی پێشوو لە رەوتی حیکمە رایگەیاند، ناوی تەواوی وەزیرەکان بۆ نۆ وەزارەتەکەی دیکەی کابینەی حکومەتەکەی زەیدی، کە تاوەکو ئێستا بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن لەگەڵ چوار جێگرەکەی سەرۆک وەزیران ئامادە کراون.

دەشڵێت، بڕیار بوو پەرلەمان لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەدا دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەکە بدات، بەڵام رووداوەکان ئاراستەیەکی دیکەیان وەرگرت.

سەبارەت بە دواخستنی دەنگدان و بانگهێشتکردنی بەرپرسانی دارایش، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە پەرلەمان سەبارەت بە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، پەرلەمانتاران بڕیاریانداوە دەنگدان لەسەر کابینەکە رابگرن و لەبری دەنگدان، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشت بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی قەیرانەکە، کاتێک بڕیاری فراکسیۆنەکان لەسەر ئەو بنەمایە دراوە کە عێراق بەدەست قەیرانێکی دارایی قووڵ و کەمیی پارەی نەختینەییەوە دەناڵێنێت کە بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار.


PM:10:49:07/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت