لە بەسرە وێنەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سووتێنرا
وێستگەنیوز-
لێکەوتەکانی رووداوی پێپێنان بە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژی سەروەریی عێراق، گرژییەکی بێوێنەی لە نێوان حکومەتی بەغدا و گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیدا لێکەوتووەتەوە؛ بە جۆرێک لە پارێزگای بەسرە خۆپیشاندان ئەنجامدرا و وێنەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سووتێنرا، هاوکات هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئەو گرووپانەش دەستی پێکردووە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، لەسەر کۆرنیشی شەتولعەرەب لە شاری بەسرە، ژمارەیەک لە چەکدار و لایەنگرانی دەستەی حەشدی شەعبی، کە بەشێکیان جلی سەربازی و ئایینییان پۆشیبوو، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست، بەشداربووان لە کاردانەوەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە چالاکییەکانی 30ی ئەیلوولی رابردوودا بێڕێزییان بە ئاڵای ئەمریکا کردبوو، وێنەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان لەپاڵ ئاڵاکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا سووتاند و وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی دەستەی حەشدی شەعبییان بەرزکردەوە، کە لە ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا.
خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم گیراوەکانیان کرد و داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کرد بێتە نێو دۆسیەکەوە لەبری گرتنەبەری رێکاری نائاسایی بەرامبەر بە شەڕکەرەکانیان، جەختیشیان لە بەردەوامیی گوشارەکانیان کردەوە.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مونیر عێبی، بەرپرسی حەشدی شەعبی و یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکەی بەسرە و دەستگیریان کردووە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان یان دەستەی حەشدی شەعبی لێدوانی فەرمی لەبارەیەوە بدەن.
پێشتریش لە بەیانیی رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی بێڕێزیکردن بە ئاڵای ئەمریکای لە بەغدا راگەیاند و جەختی کردەوە کە رێکاری یاسایی توند بەپێی یاساکانی عێراق و نەریتە دیپلۆماسییەکان دەگیرێتەبەر؛ ئەوەش دوای ئەوە هات کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەی بۆ رووداوەکە دەرکردبوو.
لە بەرامبەر هەڵمەتی دەستگیرکردنەکاندا، بزووتنەوەی نوجەبا هەڵوێستێکی توندی نواند؛ عەبدولقادر کەربەلایی، یاریدەدەری سەربازیی بزووتنەوەکە دەستبەسەرکردنی چەکدارەکانی بە "پێشینەیەکی مەترسیدار" ناوبرد کە بێدەنگیی بەرامبەر ناکرێت. هاوکات ئەکرەم کەعبی، رێبەری بزووتنەوەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی لە تۆڕی "ئێکس" بڵاوکردەوە کە پێ بە ئاڵای ئەمریکادا دەنێت و نووسیبووی: "تاوانەکانتان لەژێر پێیەکانماندایە".
چاودێرانی سیاسی ئەم رووداوانە بە کۆتاییهاتنی ئەو دۆخە دادەنێن کە بە "مانگی هەنگوینی"ی نێوان سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و گرووپە چەکدارەکان وەسف دەکرا، زەیدی، کە کەسایەتییەکی بازرگانە و لە نیسانی 2026 لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بەربژێر کرا و لەلایەن نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی دەستووری راسپێردرا، ئێستا لە هەوڵی چڕدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
لە بەرامبەردا، عەلی ئوزێرجاوی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، رەخنەی لە هەڵسوکەوتی چەکدارەکان گرت و رووداوی پێپێنان بە ئاڵای ئەمریکای بە "رەفتارێکی تاکەکەسیی هەژمارنەکراو" وەسف کرد کە دەبێتە هۆی شەرمەزارکردنی حکومەت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی لێ بکەوێتەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا زلهێزە و بەرژەوەندیی هەیە و پێویستە عێراق بەپێی نەریتە دیپلۆماسییەکان پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەو وڵاتەدا رابگرێت.
حەشدی شەعبی، کە لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەکان بۆ شەڕی داعش پێکهێنرا و دواتر بە یاسا خرایە سەر هێزە چەکدارەکان، زۆرجار بەشێک لە باڵەکانی تۆمەتبار دەکرێن بە پەیڕەوکردنی ئەجێندای ناوچەیی، ئەمەش کاردانەوە و کێشمەکێشی لەگەڵ دەسەڵاتی فەرمیی دەوڵەت دروستکردووە.
رووداوەکان کاردانەوەی خێرای بەرپرسانی واشنتۆنیشی لێکەوتەوە؛ ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و عێراق بە رۆژنامەی "جیرۆسالم پۆست"ی راگەیاند، کێشەکە لەوەدایە ئەمجارە بێڕێزیکردنەکە لەلایەن دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمیی سەر بە دەوڵەتەوە ئەنجامدراوە نەک گرووپی چەکداریی دەرەوەی یاسا، روونیشیکردەوە کە واشنتۆن لە ئێستادا و لە دوای کشانەوەی هێزەکانی، سەرنجی خستووەتە سەر حەشدی شەعبی وەک "لایەنێکی نەیار" و نایەوێت عێراق ببێتە بەشێک لە تەوەرەی ئێران.
هەروەها جۆ ویلسۆن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە تۆڕی "ئێکس" بە توندی رەخنەی لە حەشدی شەعبی گرت و رەفتارەکەی بە نەیارانە و ستایشکردنی رژێمی ئێران لە قەڵەمدا.
هاوکات رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدانی هێرش و لێدانی ئامانجەکان لە ناوخۆی عێراق بەدوور نازانێت ئەگەر بێت و کارمەندان یان بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بکەونە بەردەم هەر مەترسی و هەڕەشەیەک.
AM:10:02:07/10/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت