بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە جووتیاران؛ بەرپرسێکی باڵای کۆمەڵگەی دانەوێڵەی ئیسحاقی دەستگیرکرا

‌

وێستگەنیوز-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکدا جێگری بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دانەوێڵەی ئیسحاقیی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکراوە، بەهۆی ئەوەی لە بەرانبەر راپەڕاندنی مامەڵەکانیان و ئاسانکاریکردن بۆیان، بەرتیلی لە جووتیاران وەرگرتووە.


بەگوێرەی راگەیەنراوی دەستەی دەستپاکی، تۆمەتبارەکە گوشاری خستووەتە سەر جووتیارانی ناوچەکە و پارەی لێسەندوون بۆ ئەوەی بەروبوومی گەنمەکانیان لێ وەربگرێت و رادەستکردنەکەیان بۆ جێبەجێ بکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانپێدانانی هەبووە بەوەی پارەی وەرگرتووە و لەگەڵ ژمارەیەک جووتیاردا رێککەوتنی کردووە تاوەکو چەندین بارهەڵگر گەنم وەربگرێت، لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕێک پارەشدا پلەی کوالێتی و جۆریی گەنمەکانی بۆ گۆڕیون.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە تۆمەتبار بەپێی ماددەی 307 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.


AM:09:55:04/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت