کەتیبەکانی حزبوڵڵا هەڕەشەی رووخاندنی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات

‌

وێستگەنیوز-

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق هەڕەشەی رووخاندنی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات ئەگەر لە بەرژەوەندیی گەل کار نەکات، هاوکات هۆشداریی تووند دەدات لە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەشداری لە گەمارۆدانی سەر ئێراندا دەکەن.

ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەبێت لایەنگرانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بزانن هەر حکوومەتێک بۆ بەرژەوەندیی خەڵک کار نەکات، بە هەموو شێوازێک کار بۆ ڕووخاندنی دەکرێت.

عەساف دەسەڵاتدارانی بەغدای بە خۆشاردنەوە لە پشت بڕیارە نەخوازراوەکان تۆمەتبار کرد و هۆشداریدا ئەگەر گەمارۆی ئاسمانیی سەر ئێران لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەردەوام بێت، ئاستی گرژییەکان بەرز دەکەنەوە تا دەگاتە داخستنی دەروازە سنوورییەکان.

ئەم هەڕەشانەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق کەوتووەتە ژێر گوشاری توندی سزاکانی واشنتن بۆ سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ تاران، ئەمەش ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەغدا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی قووڵتر کردووەتەوە.


PM:04:38:29/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت