ترەمپ و زەیدی لەسەر مۆڵەتێکی نوێ بۆ چەککردنی گروپەکان رێککەوتن


وێستگەنیوز-

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لە دیداری نێوانیاندا لێکتێگەیشتنی ئەرێنی لەبارەی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ هاتووەتە کایەوە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوە حکومییەکانی بەغدا کە بۆ رۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" ئاشکرا کراون، کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچووە و لە لایەنی ئەمریکاوە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینە و سوزان وایڵز گەورە بەرپرسی کارمەندانی کۆشکی سپی بەشداربوون، لە کاتێکدا زەیدی بەبێ هیچ ئەندامێکی شاندەکەی بە تەنیا ئامادە بووە.

سەرچاوەکان روونیان کردووەتەوە کە زەیدی خشتەیەکی کاتیی نوێی پێشکەش کردووە تا 30ی حوزەیرانی 2027 بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی گروپەکان، بەوەش مۆڵەتی پێشوو کە بڕیاربوو لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆتایی پێبێت هەڵوەشاوەتەوە، پلانەکە بە جۆرێکە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ماوەی 90 رۆژ گروپەکان هێرشەکانیان رابگرن لە بەرانبەر وەرگرتنی گەرەنتی بۆ ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە نەکرێنە ئامانج، دواتریش دەست بە رادەستکردنی چەکەکانیان بکەن، ترەمپیش ئامادەیی بۆ پشتیوانیی ئەم هەنگاوە دەربڕیوە بە مەرجێک وادەکە کۆتایی بێت و هیچ درێژکردنەوەیەکی دیکە بەخۆیەوە نەبینێت.

لە بەشێکی دیکەی پێشهاتەکاندا، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی زەیدی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لانی کەم 3 میلیشیا چەکیان داناوە و هاتوونەتە پاڵ دەوڵەت، بەڵام ژمارەیەکی دیکە بە هەمان ئاست وەڵامدانەوەیان نەبووە. هاوکات رۆبیۆ هۆشداریی دا لە روودانی "بەڵقەنەکردن"ی عێراق و دابەشبوونی وڵات بەسەر قەوارەی ناکۆک لەسەر بنەمای مەزهەبی و رەگەزی، ئەگەر بێت و دۆسیەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت یەکلا نەکرێتەوە.

لە کاردانەوەی ناوخۆییدا، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی (واع)ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە هێڵە گشتییەکانی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆنی لەسەر بنەمای چەسپاندنی بڕیاری ئەمنی و قەتیسکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت دیاری کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە، عیززەت شابەندەر، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند کە بەدەستهێنانی کات تا حوزەیرانی 2027 و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هێزە سیاسییەکان تا گفتوگۆیەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی دەوڵەت ئەنجام بدەن.


PM:03:35:24/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو