ئابووریی عێراق 12% پاشەکشە دەکات
وێستگەنیوز-
بانکی ئەورووپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە
نوێترین راپۆرتی خۆیدا پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری لە چەندین وڵاتدا کەم
کردەوە و رایگەیاند، ئابووریی عێراق لەمساڵدا بە ڕێژەی 12% پاشەکشە دەکات، کە
ئەوەش بەرزترین رێژەی دابەزینە لە سەرانسەری ئەو وڵاتانەی لە راپۆرتەکەدا هاتوون و
هۆکاری سەرەکیشی بۆ پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ئەنجامی داخرانی گەرووی هورمز
دەگەڕێتەوە.
بانکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لێکەوتەی جەنگەکان و
بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە و خۆراک، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن، فشارێکی
قورسیان لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان دروست کردووە، لەسەر ئاستی ئەو 41 ئابوورییەی
ڕاپۆرتەکە دەیانگرێتەوە، رێژەی گەشەی ئابووری بۆ 2.5% کەمکراوەتەوە کە بە بڕی 0.6
خاڵی سەدی نزمترە لە پێشبینییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوو.
لەلایەکی دیکەوە، نرخەکانی گەنمی جیهانی لە مانگی
شوباتەوە 30% بەرزبوونەتەوە، ئەمەش فشارێکی توندی خستووەتە سەر وڵاتانی هاوردەکار
وەک میسر، بەتایبەت کە روسیا و ئۆکرانیا بەیەکەوە چارەکی هەناردەی گەنمی جیهانی
پێک دەهێنن.
لە کۆتاییدا، بیاتا یاڤۆرچیک، گەورە ئابووریناسی
بانکی ئەورووپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هۆشداری دا لەوەی، گوشارە
ئابوورییەکان لە تێچووی سووتەمەنی و دانەوێڵەوە تا دەگاتە تێچووی دارایی بەرەو
زیادبوون دەچن و مەترسیی ئەوە هەیە لە ئایندەدا پێشبینییەکانی گەشەی ئابووری زیاتریش
کەم ببنەوە.
PM:01:57:24/09/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت