عەلی زەیدی کێڵگە نوێیەکان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت رادەگەیەنێت
وێستگەنیوز-
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە شاری نیویۆرک چاوی بە رووس پیرۆت، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی کۆمپانیای HKNی ئەمریکی و شاندێکی یاوەری کەوت، کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لە بواری گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە دوای نیوەشەوی سێشەممە بە کاتی بەغدا لە 23ی ئەیلولی 2026 بەڕێوەچووە، زەیدی داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکە کردووە هەوڵەکانیان دووهێندە بکەنەوە و هەنگاوەکانیان خێراتر بکەن، لەگەڵ زیادکردنی کاتژمێرەکانی جێبەجێکردن بۆ ئەوەی بە زووترین کات پابەندییە گرێبەستییەکانیان لە عێراق تەواو بکەن، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی راستەوخۆ پەیوەستن بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.
سەرۆک وەزیران جەختی لە سووربوونی حکومەت کردووەتەوە بۆ سازکردنی کۆنفرانسی بەغدا بۆ وزە، کە تێیدا راگەیاندنی ناوچە گەڕانییە نوێیەکان لە عێراق دەخرێنەڕوو، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەڕەخسێنێت، هەروەها روونیکردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە کارکردن بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان و چارەسەری ئەو گرفتانەی دەبنە هۆی درەنگکەوتنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و پەکی پابەندبوونی کۆمپانیاکان دەخەن.
لای خۆیانەوە، شاندی کۆمپانیای HKNی ئەمریکی ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشاندا بۆ هەماهەنگیی بەردەوام، زیادکردنی کاتژمێرەکانی کار و بەرزکردنەوەی خێرایی پرۆسەی جێبەجێکردن، بەجۆرێک کە گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان و پابەندبوونەکان مسۆگەر بکات.
AM:10:02:23/09/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت