عەلی زەیدی بەغدای بەرەو نیویۆرک بەجێهێشت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەغدای پایتەختی بەرەو شاری نیویۆرک بەجێهێشت، بە ئامانجی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی 81ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.


سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی بەشدارییەکەیدا، وتاری وڵات لەبەردەم نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش دەکات، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر هەڵوێستەکانی عێراق بەرامبەر پێشهات و قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ روونکردنەوەی رێبازی حکومەتەکەی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە ئابووری و گەشەپێدانییەکان.

هەر لە وتارەکەیدا، زەیدی ئەو هەنگاوە کردارەکییانە دەخاتەڕوو کە حکومەت لە بواری چاکسازیی ئابووری، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەرزکردنەوەی بەرهەمی نەتەوەیی، چارەسەری کێشەی گەندەڵی، کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان و چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانیدا گرتوویەتییەبەر.

هەروەها بڕیارە لە پەراوێزی کارەکانی کۆمەڵەی گشتیدا، سەرۆک وەزیران چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندە بەشداربووەکانی وڵاتان ئەنجام بدات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی ئاستی هاوکارییە ئابوورییەکان لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا.


AM:08:34:21/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت