هۆشیار زێباری: دۆخی ئابووری و ئەمنیی عێراق لە 3 مانگی کۆتایی ئەمساڵ سەخت دەبێت
وێستگەنیوز-
هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا هۆشداری دەدات لەوەی کە بارودۆخی دارایی و ئەمنیی عێراق لە 3 مانگی کۆتایی ئەمساڵدا بەرەو دژواری دەڕوات و رایگەیاند: "هەرگیز نامەوێت رەشبین بم، بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن دۆخی دارایی و ئەمنیی عێراق لە 3 مانگی کۆتایی ئەمساڵدا سەخت و دژوار دەبێت".
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی هاوپەیمانان، زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆر کۆتایی دێت، بەڵام دوای 30ی ئەیلوول، بەشێک لە هێزەکانیان بە مەبەستی پاراستنی باڵیۆزخانەکان، سەردانی بەرپرسان و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە عێراق هەر دەمێننەوە، دووپاتیشی کردەوە هەرچەندە ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە لە عێراق نامێنێت، بەڵام لە رووی هێزی سیاسی و ئابوورییەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لەبارەی پرسی کۆنترۆڵکردنی چەکی گروپە چەکدارەکانیش، هۆشیار زێباری نەیشاردەوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیاریکردنی وادەکەدا تۆزێک پەلەی کردووە و روونیکردەوە کە رۆژی دیاریکراو دەبێتە دەستپێکی پرۆسەی رادەستکردنی چەک، نەک ئەوەی وەک دوا مۆڵەت و دوا ئاگادارکردنەوە بێت بۆ گروپەکان، راشیگەیاند کە ئێران رۆڵی کاریگەر و راستەوخۆی دەبێت لەم پرۆسەیەدا، بەتایبەت کە بەشێک لە لایەنەکانی نێو بەرەی مقاوەمە سوورن لەسەر بەردەوامبوون لە چەکهەڵگرتن بەو پێیەی پێیان وایە هێشتا شەڕ لە ناوچەکەدا بەردەوامە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا زیاتر دەستەواژەی "رێکخستنەوەی چەک" لە شوێنی "داماڵینی چەک" بەکاردەهێنرێت و پرۆسەکە بە تەواوی روون نییە، بەڵام تەنانەت ئەگەر بۆ نمایشێکی رەمزی و نیشاندانی باڵادەستیی حکومەتیش بێت، پێویستە لە 30ی ئەیلوولدا جووڵەیەک پیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، هۆشیار زێباری تیشکی خستە سەر کێشەی دارایی و وتی، حکومەت دەتوانێت بە هەر جۆرێک بێت تا پەسەندکردنی بودجە مووچە دابین بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە 3 مانگی داهاتوو لە هەردوو رووی ئەمنی و ئابوورییەوە بۆ عێراق قۆناغێکی سەخت دەبێت.
PM:01:17:20/09/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت