دەستەی دەستپاکی عێراق: 7 ساڵ زیندانیکردن بۆ پەرلەمانتار بەها نوری دەرچوو


وێستگەنیوز-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلولی 2026، دەرچوونی حوکمی زیندانیکردنی بۆ ماوەی 7 ساڵ بەسەر (بەهادین نور محەمەد حسێن) ناسراو بە بەها نوری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا راگەیاند، بەهۆی تاوانبارکردنی بە دەستکەوتی نایاسایی و هەڵئاوسانی بێپێشینەی سامانی دارایی.


بەپێی راگەیەندراوی دەستەکە، دادگای تاوانەکانی دژەگەندەڵی ناوەندی بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو حوکمەکەی دەرکردووە، پاش ئەوەی سەلمێنراوە کە قەبارەی هەڵئاوسانی سامانی ناوبراو گەیشتووەتە زیاتر لە 5.8 ملیار دینار و نزیکەی 10.9 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

دادگا بڕیاریداوە پەرلەمانتارە تاوانبارکراوەکە پابەند بکات بە گەڕاندنەوەی تەواوی بەهای دەستکەوتە نایاساییەکە، کە بە دیاریکراوی بریتییە لە 5,887,850,000 (پێنج ملیار و هەشتسەد و هەشتا و حەوت ملیۆن و هەشتسەد و پەنجا هەزار) دیناری عێراقی، لەگەڵ 10,990,787 (دە ملیۆن و نۆسەد و نەوەد هەزار و حەوتسەد و هەشتا و حەوت) دۆلاری ئەمریکی؛ هاوکات بەپێی ماددەی (19/چوارەم) لە یاسای دەستەکە، پێبژاردنێکی دارایی هاوتای بەهای پارە نایاساییەکە بەسەریدا سەپێنراوە کە بە کۆی گشتی بڕی پارەی گەڕاوە و سزا داراییەکە زیاتر لە 40 ملیار دیناری عێراقی تێدەپەڕێنێت.

دەستەی دەستپاکی روونیشیکردەوە، هەر لە چوارچێوەی دادگاییکردنەکەدا و بەپێی ماددەی (19/پێنجەم)، دادگا حوکمێکی دیکەی بە بەندکردنی توند بۆ ماوەی 3 ساڵ بەسەر ناوبراودا سەپاندووە بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆرمی ئەستۆپاکی دارایی تایبەت بە خۆی، هاوکات بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی قورسترین سزا بەسەریدا (سزای 7 ساڵەکە)، لەگەڵ پەسەندکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانە گواستراوە و نەگواستراوەکانی.


PM:02:45:16/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت