عێراق دەروازەی شەلەمچەی لەگەڵ ئێران داخست
وێستگەنیوز-
دەسەڵاتدارانی عێراق زنجیرەیەک رێکاری ئەمنیی بەپەلەیان گرتەبەر و بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، دەروازەی سنووریی شەلەمچە لەگەڵ ئێران داخرا، هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسانیش بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی سەر سعودیە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان و هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی بەپەلەی دەرکردووە بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی شەلەمچە لە سنووری پارێزگای بەسڕە بەڕووی ئێراندا، دەستبەجێ فەرمانبەران و کارمەندانی دەروازەکە کشێنراونەتەوە و شوێنەکە چۆڵکراوە.
سەرچاوە ناوخۆییەکان و ئاژانسە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەرچەندە هۆکاری فەرمیی داخستنەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام هەنگاوەکە وەک رێکارێکی خۆپارێزییە لە ئەگەری روودانی هەر هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر پێگەکانی ناوچەکە، لەگەڵ هەوڵە ئەمنییەکان بۆ شوێنپێهەڵگرتن و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی لەپشت هێرشەکەوە بوون.
لە درێژەی رێوشوێنەکاندا، عەلی زەیدی بڕیاری دا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسان لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ لەگەڵیدا دەستپێبکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا سەلمێنرا کە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر هێڵی سەرەکیی بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات - رۆژئاوا)ی سعودیە، لە خاکی ئەو پارێزگایەوە ئاراستە کراون.
ئەم پەرەسەندنە خێرایانەی بەغدا لە کاتێکدایە، شانشینی سعودیە پێشتر رایگەیاندبوو کە هێرشەکان لە ناو خاکی عێراقەوە ئەنجامدراون و بریندار و زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە؛ هەرچەندە ریاز لەسەر داوای بەغدا رازی بووە لەم قۆناغەدا وەڵامی سەربازی نەداتەوە تا عێراق رێکاری پێویست دەگرێتەبەر، بەڵام جەختی لە مافی خۆی کردووەتەوە بۆ وەڵامدانەوە و پاراستنی ئاسایشەکەی.
AM:10:09:12/09/2026
ئهم بابهته 432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت