سەرۆک وەزیرانی عێراق: 1 ملیۆن پارچە زەوی دابەش دەکەین


وێستگەنیوز -

سەرۆک وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیار و دەستپێشخەری نوێی حکومەتەکەی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بە پارێزگاکان و چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.


ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارمان داوە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران لە ناو پارێزگاکان ئەنجام بدەین، یەکەم وێستگەشمان پارێزگای دیوانیە دەبێت و دواتر دەچینە سەڵاحەدین، ئەوەش لەپێناو ئاگاداربوون لە ڕەوشی خزمەتگوزاری و تەواوکردنی ژێرخانەکان لە نزیکەوە.

سەبارەت بە کەرتی ئابووری و وزە، زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، پلانێکی پراکتیکییان بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت و زیادکردنی بەرهەم و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی هەناردەکردن گرتووەتەبەر، هاوکات لە ڕێگەی سندووقی گەشەپێدانەوە شێوازێکی نوێی وەبەرهێنان پەیڕەو دەکەن.

هەر لە لێدوانەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق مژدەی بە هاوڵاتییان دا و ڕایگەیاند: پڕۆژەی دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوونمان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە وڵاتدا.


PM:09:59:08/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت