یاسای نەوت و گاز و وەزیرە ماوەکان؛ تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون
وێستگەنیوز-
رۆژی رابردوو دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی ستراتیژی سیاسی و یاسایی تاوتوێ کران کە گرنگترینیان یەکلاکردنەوەی وەزیرە ماوەکانی ناو کابینەی حکومەت و خێراکردنی هەنگاوەکان بوو بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز.
بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان باسیان لەو دۆسیە سیاسی و یاساییانە کردووە کە لە کارنامەی پەرلەماندا لە پێشینەی کارەکاندان، ئامادەبووان جەختیان لە گرنگیی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ یاسای دەستەی حەشدی شەعبی کردەوە بە مەبەستی رێکخستنی کارەکانی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هاوکات باس لە چەند یاسایەکی سەرەکیی دیکە کرا، وەک یاسای "نەوت و گاز"، یاسای دادگای فیدراڵی و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، کە ئامانجیان تەواوکردنی بونیادی دەستووری و دامەزراوەیی دەوڵەتە.
ئەم یاسایانەی داوای یەکلابوونەوەیان دەکرێت، لە دوای ساڵی 2005ەوە بەهۆی نەبوونی سازانی سیاسی لە پەرلەمان پەسند نەکراون، بۆ نموونە پرۆژەیاسای نەوت و گاز کە دەسەڵاتی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی داهات لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد یەکلا دەکاتەوە، لە دوای ساڵی 2005ەوە 4 جار رەشنووسەکەی ئامادە کراوە، بەڵام تا ئێستا نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان.
سەبارەت بە دۆسیەی تەواوکردنی کابینەی حکومەت، چوارچێوەی هەماهەنگی بەدواداچوونی بۆ گفتوگۆ بەردەوامەکان کرد و جەختی لە پێویستیی یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا هەنگاو بنرێت بۆ ناوبردنی ئەو وەزیرانەی ماون، تا پێکهاتەی حکومەت تەواو بێت و بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە رێکخستنی کاروباری ناوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی کرا، جەخت لە داڕشتنی پەیڕەو و رێسایەک کرایەوە کە میکانیزمی کارکردن و شێوازی بڕیاردان رێکبخات، بە جۆرێک کە یەکدەنگیی لایەنەکان و کاری دامەزراوەیی بەهێزتر بکات.
جێی ئاماژەیە، تێپەڕاندنی ئەم یاسایانە بە تایبەت یاسای نەوت و گاز و دادگای فیدراڵی، پێویستی بە سازانی نێوان پێکهاتەکان هەیە، لایەنی کورد و سوننە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەنگاوانە دەکەن، بە تایبەت لە پرسی یاسای نەوت و گازدا کە هەرێمی کوردستان داوا دەکات مافی دەسەڵاتی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کێڵگەکان بەپێی دەستوور پارێزراو بێت، پێکنهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵیش کە بەپێی ماددەی 65ی دەستوور دەبوو دابمەزرێت، یەکێکی دیکەیە لەو پرسە هەڵپەسێردراوانەی کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت لەم خولەی پەرلەماندا یەکلای بکاتەوە.
AM:08:42:08/09/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت