دەستەی دەستپاکی: بە بەهای 10 ملیار دینار 104 پارچە زەوی تاپۆکراوی نایاسایی لە ناسریە ئاشکرا کرا


وێستگەنیوز-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکی ساختەکاری و دەستکاریکردنی مامەڵەکانی زەوی و زاریان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناسریە ئاشکرا کردووە، کە تێیدا 104 پارچە زەوی ناوازە بە شێوەی نایاسایی تاپۆ کراون.


بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەکە، تیمەکانیان توانیویانە دەست بەسەر نووسراوە رەسەنەکانی تەرخانکردنی ئەو زەوییانەدا بگرن، زەوییەکان بە "ناوازە" وەسف کراون و بەهای هەر یەکێکیان بە نزیکەی 100 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، کە کۆی گشتی بەهایان دەگاتە 10 ملیار و 400 ملیۆن دینار.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر دەستیان بەسەر 30 مامەڵەی تاپۆکردندا گرتبوو، لە درێژەی لێکۆڵینەوە و وردبینییەکانیشدا 12 مامەڵەی دیکەی رەسەنیان لە شارەوانی ناسریە دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەمەش بەڵگەی تاوانەکەی بەهێزتر کردووە.

سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی ناسریە و ژمارەیەک فەرمانبەری دیکە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادان جێبەجێ کراوە، تۆمەتبارەکان ئێستا بەهۆی کەیسەکانی دیکەی گەندەڵییەوە لە راگرتندان.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نیشانەی "قەدەغەی مامەڵەکردن" خراوەتە سەر سەرجەم ئەو 104 زەوییە، تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوە یاسایی و دادوەرییەکان بە تەواوی کۆتاییان دێت، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی ماڵی گشتی و رێگری لە هەر جۆرە دەستکارییەکی دیکە، ئەم هەنگاوەی دەستپاکی لە چوارچێوەی زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەدایە کە ماوەیەکە بەرپرسانی شارەوانی ئەو شارەی گرتووەتەوە.


AM:11:25:07/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت