ئیدارەی دەوڵەت: بڕیار لەسەر دابەشکردنی 1 ملیۆن زەوی و یاسای نەوت و غاز درا
وێستگەنیوز-
ئێوارەی دوێنێ شەممە 6ی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، میوانداریی 38ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری ئابووری، سیاسی و یاسادانان تاوتوێ کران و چەند بڕیارێکی گرنگ دران.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پڕۆژەی شارە نوێیەکان و دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی نیشتەجێبوون، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆک وەزیران رایگەیاند، رێنمایی دەرکردووە بۆ راگرتنی هەڵمەتی رووخاندنی خانووە زێدەڕۆکان، تا ئەو کاتەی پرۆسەی دابەشکردنی 1 ملیۆن زەوییەکە بەسەر کەسانی شایستەدا کۆتایی دێت، وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.
راگەیەندراوەکە ئاشکرای کرد، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت باسی لە ئاستەنگە داراییەکان و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکان کرد، ئامادەبووان جەختیان کردەوە کە پێویستە عێراق لە لێکەوتەکانی ئەو سزایانەی ئەمریکا بپارێزرێت کە بەسەر هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا دەسەپێنرێن، ئاماژە بەوەش کرا کە عێراق بە بارودۆخێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت و بەرگەی هیچ جۆرە سەرکێشییەک ناگرێت، بۆیە یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە باڵاکان بە پێویست زانرا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یاسای نەوت و غاز، کە تێیدا بڕیار درا رەشنووسی یاساکە تاوتوێ بکرێت بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، هاوکات سەرۆک وەزیران مژدەی بە جوتیاران و بەڵێندەران دا و رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا گوژمەیەکی نوێی دارایی بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە چاکسازییەکان راگەیەندراوەکە جەختی کردەوە، هاوپەیمانییەکە پشتگیری خۆی بۆ هەڵمەتی راونانی گەندەڵکاران و رەشنووسی یاسای دەستەی چاودێری ناوخۆیی فیدراڵی دووپات کردەوە، هەروەها رێککەوتن کرا کە لە هەفتەی داهاتووەوە دیالۆگ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستپێبکات بە مەبەستی تەواوکردنی کابینەی حکومەت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامادەبووان جەختیان لە پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و رەتکردنەوەی وتاری دووبەرەکی کردەوە، لەپاڵ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە گەشەپێدانی وڵاتدا.
AM:08:51:06/09/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت