عێراق پلانی هەیە تا ساڵی 2030 بەرهەمی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل زیاد بکات
وێستگەنیوز ـ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ پەسەندکردنی پلانی ستراتیژیی نەوت بۆ ساڵانی 2027-2030، کە تێیدا بڕیاردرا ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنرێتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئەیلولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ تاوتوێکردنی پلانی ستراتیژیی کەرتی نەوت بۆ ساڵانی 2027-2030، کە تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگ دران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی نەوت و دارایی ئامادەی بوون، ئەم بڕیار و ڕێنماییانە دەرچوون:
کارکردن بۆ گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی 2030.
ڕێنماییدرا بە زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی کارەکانی گەڕان و دۆزینەوەی کێڵگەی نوێ.
جەختکرایەوە لەسەر وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی غاز لە دەرەوە.
هەروەها وەزارەتی نەوت ڕاسپێردرا بۆ سازکردنی کۆنفرانسێکی گەورە بە مەبەستی بانگهێشتکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا.
سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ژێرخانی هەناردەکردنی نەوت نۆژەن بکرێتەوە تاوەکو بگونجێت لەگەڵ ئەو زیادبوونە گەورەیەی کە بڕیارە لە بەرهەمهێناندا بێتە ئاراوە.
PM:05:26:01/09/2026
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت