وتەبێژی حکومەتی عێراق: مووچەی مانگی 8 دابینکراوە و بودجەی 2027 پشت بە بەرنامە و ئەدای کار دەبەستێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە زنجیرەیەک لێدوانی رۆژنامەوانیدا مژدەی بە فەرمانبەران و خاوەن گرێبەستەکان دا و رایگەیاند، مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران بە تەواوی دابینکراوە.
حەیدەر عەبودی ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانەی کردووەتەوە بۆ خەمڵاندنی تێچووە داراییەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ دامەزراندنیان لەسەر میلاکی هەمیشەیی، سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2027، راشیگەیاند کە بودجەیەکی جیاواز دەبێت و پشت بە بەرنامە و ئەدای کار دەبەستێت، بڕیاریشە لە مانگی ئەیلوولدا رەشنووسی یاساکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
وتەبێژی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە 30ی ئەیلوول وەک دوا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دیاریکراوە و سەرۆکوەزیران داوایەکی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی وادەکە رەتکردووەتەوە. وتیشی: "دیالۆگەکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان ئەرێنین و پێش 30ی ئەیلوول کۆتاییان دێت، چونکە بڕیاری ئەمنی و چەک تەنها دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت و رێگە بە هیچ گروپێک نادرێت لە دەرەوەی یاسا رۆڵ بگێڕێت".
لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، عەبودی ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 26 هەزار سکاڵا دژی گەندەڵی تۆمارکراون و حکومەت بەردەوامە لە وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، هەر لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلوولدا گەشتێکی فەرمی بۆ هەریەکە لە وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا ئەنجام دەدات.
سەبارەت بە پێداویستی خاوەن مۆلیدەکان، حکومەت بڕیاری داوە بۆ هەر کەی ڤی-یەک بڕی 35 لیتر سوتەمەنی بە نرخی 400 دینار دابین بکات، هەروەها ئاماژە بەوە درا کە لە مانگی ئابدا بڕی 2 ملیۆن و 359 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
PM:02:57:31/08/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت