تەیف سامی: ناوم نەچووەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریکا و هێشتا لە عێراقم


وێستگەنیوز-

تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە جێهێشتنی وڵات و خستنە ناو لیستی چاودێریی تیرۆری ئەمریکا دەکەن و جەخت دەکاتەوە کە هێشتا لە ناو خاکی عێراقدایە.


ئەمڕۆ هەینی 28ـی ئابی 2026، تەیف سامی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو هەواڵانەی دایەوە کە لە میدیاکانی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە و وتی: "ئەو زانیارییانەی باس لە گەشتکردنم بۆ دەرەوەی عێراق و زیادکردنی ناوم لە لیستی چاودێریی تیرۆری ئەمریکا دەکەن، دوورن لە راستییەوە، من لە ناو عێراقدام و وڵاتم بەجێنەهێشتووە."

ئەم وەڵامەی وەزیری پێشووی دارایی دوای ئەوە دێت، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، تەیف سامی لە لایەن (FBI)ـەوە خراوەتە لیستی گومانلێکراوانی تیرۆر و ڤیزەکەی هەڵوەشێنراوەتەوە، هاوکات دیلان جۆنسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری گشتی بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ی راگەیاندبوو، کە ناوبراو چیتر ناتوانێت بچێتە ناو خاکی ئەمریکا.

لە بەرانبەردا، تەیف سامی روونیکردەوە، ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە لیستی تیرۆر، تەنیا لێدوانی سیاسیی هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسە و پاڵپشت نین بە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی یان نووسراوێکی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی کارکردنیدا وەک وەزیر، چەندین جار چووەتە واشنتۆن بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی نێودەوڵەتی و هیچ کێشەیەکی نەبووە، ئێستاش کە خانەنشین بووە هیچ نیازێکی بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە نییە.

وەزیری پێشووی دارایی جەختی کردەوە، کە لە لایەن هیچ دادگایەکەوە بانگهێشت نەکراوە و هیچ ئاگادارییەکی یاسایی پێنەگەیشتووە، هەروەها وتیشی: "رێکاری یاسایی بەرانبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرمە بەر، کە بە ئەنقەست زانیاری چەواشەکارانە و ناڕاست لە دژی من بڵاوبکەنەوە."


PM:09:48:28/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو