شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق: کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەستیپێکردووە
وێستگەنیوز-
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی فراواندا، نوێترین پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتی خستە روو، تێیدا کاتژمێری سفری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و چەندین دەستکەوتی هەواڵگری و دارایی ئاشکرا کرد.
لیوا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە خێراییەکی زۆر دەستیپێکردووە، جەختیشی کردەوە کە رۆژی 30ی ئەیلوولی داهاتوو وادەی کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق، نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەیی تەواویان تێدایە بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان دەگۆڕدرێن بۆ پەیوەندی دووقۆڵی لەسەر بنەمای هاوکاری هەواڵگری و ئەمنی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە هەوڵێکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناو دڵی بەغدا پوچەڵ بکەنەوە و 3 تۆمەتباریش دەستگیر بکەن، هەروەها ئاشکرای کرد کە 40 ئەندام و سەرکردەی پارتی بەعسی قەدەغەکراو دەستگیرکراون کە پلانیان هەبووە بۆ بە ئامانجگرتنی کەسایەتییە سیاسی و ئەمنییەکان.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا، دەست بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی دراوی ساختەدا گیراوە و زیاتر لە 754 هێرشی سایبەری و 2740 ئەژماری هەڕەشەکەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر کراون.
سەبارەت بە داهات و دارایی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای کرد کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا توانیویانە زیاتر لە 93 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێڕنەوە، هاوکات دەروازە سنوورییەکان رایانگەیاند کە لە 7 مانگی رابردوودا داهاتەکەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 2 تریلیۆن دینار، هێزەکانی سنوورپارێزیش بەردەوامن لە جێگیرکردنی کامێرای گەرمی و دیواری کۆنکرێتی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.
لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری دوپاتی کردەوە کە عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق گەشەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی خستووەتە سەرووی کارەکان و لە ماوەیەکی نزیکدا سیستەمێکی نوێی بەرگری دەگاتە عێراق، سەبارەت بە ناوچەی دوزخورماتووش، رەتی کردەوە کە هیچ پاشەکشەیەکی سوپا لەو ناوچەیەدا هەبێت.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە حکومەت بە هەنگاوی جێگیر و لە رێگەی گفتوگۆوە کار بۆ رێکخستنی دۆسیەی چەک و سنووردارکردنی لە دەستی دەوڵەتدا دەکات، هاوکات هۆشداری درا بە هەموو ئەو کەسانەی گوتاری رق و کینە و خێڵەکی بڵاودەکەنەوە کە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
PM:12:34:27/08/2026
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت