عێراق و ئەڵمانیا رێککەوتنێکی ستراتیژییان بۆ چارەسەرکردنی پاشماوەکان و رەخساندنی 12000 هەلی کار واژۆ کرد


وێستگەنیوز-

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پەرەپێدانی کەرتی ژینگە و ئابووری، کۆمپانیای گشتیی بۆ ئابوورییەکانی کاربۆن و کۆمپانیای زیتکۆی ئەڵمانی (ZITEC) رێککەوتننامەیەکی بنەڕەتییان بۆ هاوبەشی لە بواری بەڕێوەبردنی تەواوکاری پاشماوەکاندا واژۆ کرد.


ئەم هاوبەشییە کە بە ئامادەبوونی سروە عەبدولواحید وەزیری ژینگە و بە پاڵپشتی حکومەت و باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق راگەیەندرا، ئامانجی کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردنی نزیکەی 6 هەزار تۆن پاشماوەیە لە رۆژێکدا.

بەپێی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە پەینی بەها بەرز و سووتەمەنی فڕۆکەوانیی بەردەوام (SAF) بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها پڕۆژەکە دەبێتە هۆی دابینکردنی زیاتر لە 12000 هەلی کار و زیادکردنی زیاتر لە 1200 ئامێر بۆ سیستەمی کارەکە، ئەمەش بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و بەدەستهێنانی سەنەدەکانی کاربۆن بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

وەزیری ژینگە لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا دوپاتی کردەوە، کە ئەم هاوبەشییە هەنگاوێکی گرنگە لە پەرەپێدانی سیستەمی بەڕێوەبردنی پاشماوەکان لە عێراقدا و گۆڕینی ئەم مەلەفە لە کێشەیەکی ژینگەییەوە بۆ سەرچاوەیەکی ئابووری و وزە، کە لەگەڵ ئاراستەکانی وڵات بۆ گەشەپێدانی بەردەوام دەگونجێت.

رێورەسمی واژۆکردنەکە بە ئامادەبوونی فارو فەرەح جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا، عەبدولرەحیم جاسم ئەلشمەری وەزیری کشتوکاڵ، عەممار مووسا ئەمینی بەغدا و بریکاری تەکنیکی وەزارەتی ژینگە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری پەیوەندیدار بەڕێوەچوو.


AM:08:18:25/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت