سیستەمێکی نوێی باج و گومرک لە عێراق جێبەجێ دەکرێت
وێستگەنیوز-
لە بەردەوامی بڕیارەکانیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک رێکاری نوێی بۆ چاکسازی دارایی و کارگێڕی پەسەند کرد، کە گرنگترینیان گۆڕانکارییە لە سیستەمی وەرگرتنی باج و گومرک و پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکان.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لە 1ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە، سیستەمی وەرگرتنی پێشوەختەی رسووماتی گومرکی و ئەماناتی باجی خەمڵێنراو لەسەر کەلوپەلی هاوردەکراو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم پرۆسەیە لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی (ASYCUDA) و میکانیزمەکانی پارەدانی نوێ ئەنجام دەدرێت، کە تیایدا هاوردەکاران پابەند دەکرێن لە ماوەی 15 رۆژدا رسووماتەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگوازنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی 15 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەوە بۆ وەزارەتی دارایی، کە تایبەت دەکرێت بە گەشەپێدانی ژێرخانی هەرسێ دەروازەی سنووری (رابیعە، ئەلوەلید و سەفوان)، هەروەها بڕیاردرا کارکردن بە بڕیارێکی پێشووی تایبەت بە چاودێری بازاڕ تا کۆتایی ساڵی 2026 رابگیرێت.
سەبارەت بە بینای قوتابخانەکان، حکومەت رەزامەندی دا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تا 31ی کانوونی یەکەمی 2027 بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی ئەو بینایانە، بەڵام دەبێت کۆمیسیۆن پلانێکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ چۆڵکردنی پۆلەکان و رادەستکردنەوەیان بە وەزارەتی پەروەردە پێشکەش بکات.
لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی دایە وەزیری بازرگانی بۆ ئەنجامدانی دانوستان و واژۆکردنی پرۆژەی رێککەوتنامەی هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، زانستی و وەرزشی لەگەڵ هەردوو کۆماری نیجیریا و زامبیا، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.
AM:09:40:19/08/2026
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت