قالیباف لە بەغدا: ئیسرائیل سەلماندوویەتی کە دوژمنی مرۆڤایەتییە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا رایگەیاند، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە پێشینەی بەرنامە دیپلۆماسییەکانی ئێراندایە و ئەم وڵاتە دەوڵەتێکی گرنگ و کاریگەرە لە ناوچەکەدا.


قالیباف لە شوێنی شەهیدبوونی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەبوونی لە عێراق بە نوێنەرایەتی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە، وتیشی: "لەم سەردانەدا پەیامی سوپاس و پێزانینی رێبەری شۆڕش و گەلی ئێران دەگەیەنمە گەل و بەرپرسانی عێراق بۆ ئەو میواندارییە شکۆدارەی لە کاتی رۆژانی ئەربەعیندا ئەنجامیان داوە".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران راشیگەیاند، سەردانەکەی هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی نەزمێکی نوێ لە ناوچەکەدا بە جۆرێک کە هێزە دەرەکییەکان دەستوەردان نەکەن، رونیشیکردەوە، دەبێت وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە بە دوای دروستکردنی پەیوەندی و بەستەرە ئەمنییە قووڵەکاندا بن و لە رێگەی هاوکاری ئابوورییەوە پشتیوانی یەکتر بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئێران ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە.

قالیباف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ئەمریکا کاتێک نەیتوانی رێگری لە بەرەی مقاوەمە بکات، 2 سەرکردەی گەورەی وەک قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی کردە ئامانج، هەروەک وتیشی: "ئیسرائیل سەلماندوویەتی کە دوژمنی مرۆڤایەتییە".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەردوولا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هاوسێیەتی ئێران و عێراق لەسەر بنەمای برایەتی و بڕوابوون بە چارەنووسی هاوبەش بنیات نراوە، راشیگەیاند، لەم سەردانەدا کۆبوونەوەی چڕوپڕ لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی گەشەپێدانی هاوکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی هەردوو گەل، چونکە هێزی ئەوان لە هاوپشتی و برایەتیدایە.


AM:09:25:19/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت