سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا


وێستگەنیوز-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێری سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین.


ئەمڕۆ سێشەممە 18ـەی ئابی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵەوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرد کە کرانە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەت و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و جەختی کردەوە لەوەی ئەم هێرشانە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین.

لای خۆشییەوە، مەسرور بارزانی سوپاسی پەیوەندی و بەدواداچوونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد و جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەم هێرشانە کە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدراون، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و حکومەتی فیدراڵیش لێژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی هێرشەکان پێکهێناوە.


PM:12:57:18/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت