پیلانی تیرۆرکردنی فایەق زەیدان لەرێگەی درۆنەوە ئاشکرا
وێستگەنیوز-
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، پیلانێکی گروپە چەکدارەکان بۆ تیرۆرکردنی فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرا کرا، کە بڕیاربووە لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە جێبەجێ بکرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ کەناڵی "ئەلحەدەس" ئاشکرایان کردووە، ئەم هەڕەشانە "جدی"ن و پەیوەندییان بە دۆسیەکانی قۆرغکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە هەیە. فایەق زەیدان پێشتر جەختی لەوە کردبووەوە، کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ساڵی 2005 بەسەر هەموو ئەو لایەن و کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە رەزامەند نین بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت.
دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتی زەیدان و بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتەکەی عەلی زەیدی، لە ماوەی رابردوودا هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی سەرکردە سیاسییە گەندەڵەکان دەستپێکرد و چەندین ئابووریی سەر بە گروپە چەکدارەکان و هێزە سیاسییەکانیان داخستووە، ئەمەش وەک هۆکاری سەرەکیی توڕەیی گروپەکان و داڕشتنی پیلانی تیرۆرکردنەکەی دەبینرێت.
ئاشکرابوونی ئەم پیلانە، دەسەڵاتدارانی عێراقی ناچار کردووە رێکاری ئەمنیی توند و بێپێشینە بۆ پاراستنی گیانی دادوەر فایەق زەیدان بگرنە بەر، ئەوەش دوای ئەوەی دڵنیابوونەتەوە کە گروپەکان پلانیان هەبووە لەرێگەی "درۆن"ەوە هێرشەکەیان ئەنجام بدەن.
PM:03:28:17/08/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت